سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ كونسوولى نوێى هیندووستان كرد

پەیامی کورد   ...  سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ كونسوولى نوێى هیندووستان كرد

پاشنیوه‌ڕۆى سێشه‌ممه‌ 22/8/2023 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ مادان گۆپال كونسوولى گشتی نوێى هیندووستان له‌ هه‌رێمى كوردستان و شاندێكى یاوه‌رى، وێڕاى به‌خێرهێنان، پشتگیری خۆیان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى و بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى هیندووستان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان، ده‌ربڕى.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هیندووستان ووڵاتێكه‌، عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى ده‌توانن له‌ زۆر بواردا سوود له‌ شاره‌زایى و پسپۆڕى و ئه‌زموونه‌كانى وه‌ربگرن، بۆیه‌ گرینگه‌ هه‌رێمى كوردستان بایه‌خ و گرینگى به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هیندووستان بدات. له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌تایبه‌تى ئاماژه‌ى به‌ گرینگی كردنه‌وه‌ى گه‌شتى ڕاسته‌وخۆى ئاسمانی نێوان هه‌رێمى كوردستان و هیندووستان كرد.

لاى خۆیه‌وه‌ كونسوولى گشتی نوێى هیندووستان، خۆشحاڵی خۆى به‌ ده‌ستبه‌ركاربوونى له‌ هه‌رێمى كوردستان نیشان دا و جه‌ختى له‌ كار و هه‌وڵه‌كانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى ووڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌.


ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە