سهرۆكی حکوومەت پێشوازی لە شاندێكى ئەنجوومەنی پیرانی ئهمریكا کرد
پەیامی کورد ... سهرۆكی حکوومەت پێشوازی لە شاندێكى ئەنجوومەنی پیرانی ئهمریكا کرد
شهممه 5/4 مەسروور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازى له شاندێكى ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا كرد كه له سێناتۆر تێد بەد و سێناتۆر جۆنى ئێرنتس پێكهاتبوو.
له كۆبوونهوهکەدا کە ئەلینا ڕۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و مارک سترۆ کونسووڵی گشتی لە هەرێم ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی برەودان بە پەیوەندی دوولایەنە و دوایین پەرەسەندنەکانی عێراق و گرینگی پاراستنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرا.
شاندی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا، پشتگیری ووڵاتەکەیان بۆ پاراستنی ئاساییش و ئارامیی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانی بەردەوامی ئەمریکای کرد، بەتایبەتی لە پشتگیریکردنی پێشمەرگەدا. جەختیشی لە گرینگی چارەکردنی کێشەکانی هەرێم و حکوومەتی فیدرال لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان و هەروەها ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان کردەوە.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەمبارەیەوە جەخت لە گرینگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و شەفاف و دادپەروەرانە، بە بەشداری هەموو لایەنەکان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان کرایەوە.
ئەم بابەتە 56676 جار خوێندراوەتەوە