سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان : باشترین وەفاداری بۆ گیانی شەهیدان تەنیا تەبایی و یەک ڕیزییە
پەیامی کورد ... سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان : باشترین وەفاداری بۆ گیانی شەهیدان تەنیا تەبایی و یەک ڕیزییە
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، له‌ساڵیادی مه‌رگه‌ساتی 1ی شوبات-دا ده‌ڵێت، پێویستە ساڵانە ئەم یادە و بیرهێنانەوەی ئەو تاوانە تیرۆریستییە بکەینە دەرفەتێک بۆ بەخۆداچوونەوە و هەوێنی پتەوکردنەوەی برایەتی و پێکەوەیی و هاوچارەنووسیمان.
ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له ساڵیادی شەهیدانی یه‌کی شوبات دا:
له بیرەوەریی ساڵیادی شه‌هیدانی یەکی شوباتدا، بەوپەڕی ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانمان دەکەینەوە و سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکیان دادەنەوێنین.
شه‌هیدانی یەکی شوبات، بوونە سیمبۆلی خوێنی پێکەوەڕژاوی کوردستانییان بە دەستی تیرۆریستان کە بەبێ هیچ جیاوازییەک، گیانی ئەو پۆلە سەرکردە و تێکۆشەرەی گەلەکەمان و هاووڵاتییانی سڤیلی کوردستانیان کردە ئامانج.
پێویستە ساڵانە ئەم یادە و بیرهێنانەوەی ئەو تاوانە تیرۆریستییە بکەینە دەرفەتێک بۆ بەخۆداچوونەوە و هەوێنی پتەوکردنەوەی برایەتی و پێکەوەیی و هاوچارەنووسیمان.
باشترین وەفاداری بۆ گیانی شەهیدان و ڕاستترین ڕێگەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان، تەنیا تەبایی و یەکڕیزییە، هەر بەوەش دەتوانین ده‌ستکه‌وت و مافەکانمان بپارێزین و ئامانجەکانمان بپێکین.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدان و یادیان هەمیشە بەخێر.
نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان
ئەم بابەتە 63 جار خوێندراوەتەوە