سه‌فین دزەیی: داوای چه‌كی قورس و پێشكه‌وتوو بۆ پێشمه‌رگه ده‌كه‌ین
به‌پێی ئامارێك له ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا چالاكیی داعش له ئاستێكی فراوان و به‌رزدا بووه، بەپێی ئاماری وەزارەتی پێشمەرگە، لە چوار ساڵی ڕابردوودا تاوەکوو کۆتایی مانگی 10ی ئەمساڵ زیاتر لە 2412 هێرش لە سنووری ناوچە دابڕاوەکان ئەنجام دراوە، كه بەم شێوەیە بووە: ساڵی 2018: 1742 هێرش و ساڵی 2019: 270 هێرش و ساڵی2020: 230 هێرش و ساڵی2021 تاوەکو مانگی ئۆکتۆبەر 170 هێرشی چەکداری و تەقینەوەی بۆمب ئەنجام دراوە. به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش باس له به‌هێزبوونی داعش و ئه‌گه‌ره‌كانی داهاتووی ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان ده‌كات.
هێرشه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی داعش حكوومه‌تی عێراقی ته‌واو ناچار كرد كه له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه یه‌كه‌م ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ن، ئۆپراسیۆنه‌كه له مێحوه‌ری گوێر-مه‌خموور بووه و هه‌ردوولا سه‌ركه‌وتوو بوون له كێوماڵی ناوچه‌كه و پاكکردنه‌وه‌ی له چه‌كدارانی داعش.
به‌پێی ڕاگه‌ێندراوی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ش ژماره‌ی چه‌كدارانی داعش خۆی له سه‌رووی 2 هه‌زار چه‌كداردا ده‌بینێته‌وه، ئه‌مه وای كردووه كه ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانیش به‌وردی چاودێریی دۆخه‌كه بكه‌ن، سه‌فین دزه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگەیاند : "تێڕوانینمان ئه‌وه‌یه له ساڵی 2017 كۆتایی خه‌لافه‌تی داعش بوو، به‌ڵام هێشتا له‌ناو نه‌براون، چوونكه شانه‌ی چالاك و ئه‌كتیڤیان هه‌یه، به‌تایبه‌ت له عێراق و سووریا، كرده‌كانی داعش له‌و ناوچانه گه‌واهیده‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه كه ئه‌كتیڤترن له جاران و ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ به‌هێزتر ده‌بن، جیا له‌وه‌ش، شه‌ڕكردن و ڕووبەڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ داعشی ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ داعشی ساڵانی 2014 و 2017 جیاوازه، چوونكه ئه‌وكات داعش به‌ره‌یه‌كی دیاریكراوی هه‌بوو، هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق ڕووبه‌ڕوویان ده‌بوونه‌وه، ئه‌مڕۆ داعش له به‌ره‌ی نادیاره‌وه هێرش ده‌كات و ئامانجه‌كانیان دیاری كراوه و تاكتیكی جیاواز هه‌ڵده‌بژێرن، بۆیه له زانستی سه‌ربازییشدا وایه كه شه‌ڕی له‌م جۆره له‌گه‌ڵ ئه‌م تاكتیكه زۆر قورستره له شه‌ڕی به‌ره‌یی.''
ده‌شڵێت: "هه‌رێمی كوردستان له ساڵی 2017ـوە تا ئێستا هه‌میشه جه‌ختی له‌وه كردووه‌ته‌وه كه پێویسته هێڵی پەیوەندی نێوان پێشمه‌رگه و سوپای عێراق پڕ بكرێته‌وه و ڕێگا نه‌درێت ئه‌و بۆشایییه هه‌بێت، به‌تایبه‌ت دوای 16ی ئۆكۆتبه‌ری ساڵی 2017 و كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه له كه‌ركووك و له‌و ناوچانه‌ی پێیان ده‌گوترێت، هێڵی گه‌رم و داعش چالاكانه كرده‌ی خۆی جێبەجێ ده‌كات".
سه‌فین دزه‌یی ده‌شڵێت: "چه‌ندین جار گفتوگۆ كراوه له نێوان هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق و هێزی هاوپه‌یمانان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه به هاوبه‌شی ئیداره بكرێن، چوونكه زۆربه‌ی كرده‌كانی له كوشتن و ڕفاندن و ته‌قاندنه‌وه و به‌ئامانجگرتنی هه‌ولێر له‌و ناوچانه‌وه بووه، گرنگه هێزی هاوبه‌ش له‌و ناوچانه هه‌بێت، ئێستا خه‌ریكه ورده ورده ئه‌و هێزه هاوبه‌شانه دروست ده‌كرێت، به‌ڵام بیرمان نه‌چێت ئه‌ركی ئه‌م هێزه هاوبه‌شانه قورس‌تر ده‌بێت له‌وه‌ی چه‌ند ساڵ پێش ئێستاش، چونكه ئه‌مه ناوچه‌یه‌كی فراوانه و داعش توانیویه‌تی له‌و ناوچانه به‌تایبه‌ت له هه‌ندێك شوێنی دیاریكراو خۆی فه‌رز بكات".
ئه‌وه‌شی خسته ڕوو: پێشمه‌رگه بووه‌ته ئه‌فسانه‌یه‌ك و جێگا با‌یه‌خی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی، چونکە پێشمه‌رگه بوو توانیی داعش له مه‌یدانه‌كه تێك بشكێنێت و ڕێگا خۆشكه‌ری هێزه عێراقییه‌كانیش بوو كه بتوانن ناوچه‌كانی مووسڵ و ئه‌نبار ئازاد بكه‌ن له‌ده‌ست چه‌كدارانی داعش، ئه‌مڕۆش كه به‌رنامه‌ی چاكسازی هه‌یه له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به سه‌رپه‌رشتیی هاوپه‌یمانان و مه‌شق و ڕاهێنانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و ڕێكخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه له چوارچێوه‌ی هێزێكی پڕۆفیشنال كه له داهاتوو ئاماده بكرێت و ڕووبەڕووی سه‌رجه‌م ته‌حه‌دییه‌كان ببێته‌وه، چونكه (زانستی شەڕی ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ڕابردوو جیاوازه) بۆیه گرنگه پێشمه‌رگه سوودمه‌ند بێت له سه‌رجه‌م ئه‌و هاوكارییانه‌ی كه هه‌یه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و هاوكارییه‌ی كه پێویسته بۆ هێزی پێشمه‌رگه له‌ئاستی پێویست نه‌بووه، حكوومه‌تی عێراق به‌پێی ده‌ستووری عێراق كه پێویست بوو هاوكاریی پێشمه‌رگه بكات وه‌ك به‌شێك له دامه‌زراوه‌ی ئه‌منیی عێراق، نه‌یكردووه، به‌تایبه‌ت لەڕووی ماددی و پشتیوانیی سه‌ربازییه‌وه، ته‌نیا ئه‌و هاوكارییانه نه‌بێت كه له كاتی جه‌نگی داعش ده‌هاتنه به‌غدا و ده‌بوو له‌وێ چێك بكرێن، دواتر ده‌هاتنه ده‌ست پێشمه‌رگه و ئه‌م هاوكارییانه له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه ده‌هات بۆ پێشمه‌رگه و ده‌بوو بچوایه‌ته‌وه بۆ به‌غدا دواتر بگاته ده‌ست پێشمه‌رگه.
ڕاشیگه‌یاند: ''ئه‌و هاوكارییه‌ی ئێستا بۆ پێشمه‌رگه هه‌یه، ئه‌گه‌ر به‌راورد بكرێت له‌گه‌ڵ هێزی میلیشیاكان به‌داخه‌وه ئه‌و چه‌ك و پشتیوانیه‌ی هه‌ندێك له‌و میلیشیایانه هه‌یانه زۆر زیاتره له‌وه‌ی پێشمه‌رگه هه‌یه‌تی، بۆیه پێویسته هاوپه‌یمانان و حكوومه‌تی عێراق جگه له هاوكاریی مه‌شق و ڕاهێنان به چه‌كی مۆدێرن هاوكاریه‌كانیان بۆ پێشمه‌رگه زیاتر بكه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێستا ئه‌وه نه‌كراوه و ئێمه هه‌میشه له دیدار و كۆبوونه‌وه‌كان هه‌میشه باسی ئه‌وه ده‌كه‌ین کە پێویسته له‌و ڕوانگه‌وه هاوكاری پێشمه‌رگه بن، هه‌رچه‌نده بۆ ئه‌و هاوكارییه‌ی ئێستا سوپاسگوزارین، به‌ڵام بۆ شه‌ڕی داهاتوومان له‌گه‌ڵ داعش پێویستیمان به پشتیوانی و پاڵپشتی زۆرتر هه‌یه.''
سه‌فین دزه‌یی ده‌شڵێت: "هه‌وڵ و ئاراسته‌كان بۆ ئه‌وه‌یه كه یه‌كه‌ی 70 و 80 تێكه‌ڵ بكرێنه‌وه به سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانیانه‌وه وه‌ك لیوای پیاده لە ڕووی مه‌شق و ئیداره‌وه، هه‌رچه‌نده له ڕابردوو كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ هه‌بوون، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه ئێستا خه‌ریكه ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ش نامێنن، هیوادارین ئه‌و دوو یه‌كەیە وه‌ك چۆن له‌رابردوودا ڕۆڵی گرینگ‌یان هه‌بووه له تێكشكاندنی تیرۆر و پاراستنی كوردستاندا، له داهاتووشدا له چوارچێوه‌ی هێزێكی نیشتمانی هه‌مان ڕۆڵ ببینن له چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا و ڕۆڵی گرنگ ببینن و هه‌رجۆره هاوكارییه‌ك ئه‌وانیش بگرێته‌وه".
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە