سوودانی : پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا تەنیا لە ئاستی ئاسایشی نەبێت
پەیامی کورد ... سوودانی : پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا تەنیا لە ئاستی ئاسایشی نەبێت
موحەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی ٧٨ەمین دانیشتنی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەگەڵ ژووری بازرگانی ئەمریکی و بازرگانان و نوێنەرانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کۆبووەوە.
سوودانی ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا تەنها لە ئاسایش سنوردار نەکرێت و ئەو کێشانە چارەسەر دەکات کە کۆمپانیا ئەمریکیەکان لە عێراق ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
سوودانی ئاماژەی بەوەشکرد، دەیانەوێت پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا پەرەپێبدەن و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: نامانەوێت پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا تەنها لە ئاسایشدا سنووردار بێت. ئێمە دەمانەوێت کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە عێراق کاردەکەن، ئاگادارمان بکەنەوە لەو کێشانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەر دەنێین”.
سودانی ڕایگەیاند کە بە ڕێوشوێنی یاسایی بەرەنگاری گەندەڵی دەبێتەوە و ئیرادەی پێویستی هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو هەنگاوانە.
سوودانی ئاشکرای کرد کە کار لەسەر پڕۆژەی گواستنەوە بۆ بازرگانی ئەلیکترۆنی دەکەن و ووتی: لە ئێستادا کار بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیەکی چاکسازی ئابووری دەکرێت کە کەم وکورتی یاساکان نەهێڵێت.
سوودانی هەروەها ئاگاداری کردەوە کە عێراق گرێبەستی ووزەی خۆری لەگەڵ ئیمارات و چین و کۆمپانیا ناوخۆییەکان واژوو کردووە و گرێبەستی بەرهەمهێنانی ووزەی خۆری 1000 مێگاوات لەگەڵ کۆمپانیای تۆتال واژوو کردووە.
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە