سوپاى ئیسرائیل ناوى ئەفسەرێکى سووری هاوکار لەگەڵ حیزبۆڵڵا و سوپاى قودسى ئاشکرا کرد

پەیامی کورد       ...   سوپاى ئیسرائیل ناوى ئەفسەرێکى سووری هاوکار لەگەڵ حیزبۆڵڵا و سوپاى قودسى ئاشکرا کرد

بەشار حسێن فەرماندەى بەشى زانیاری و هەواڵگری تیپى ٩٠ـە کە پێویستییەکانى شوێنە دیدەبانییەکانى حیزبۆڵڵا و سوپاى پاسداران دابین دەکات.

ووتەبێژى سوپاى ئیسرائیل بە بڵاوکردنەوەى ناو و وێنەى سەرهەنگ بەشار حسێن، ڕایگەیاند کە ئەو کەسە یەکێکە لە ئەفسەرانى سوپاى سووریا و بەرپرسى زانیارییەکانە لە ناوچەى جۆلان و هاوکارى چالاکییە سەربازییەکانى حیزبۆڵڵا لە فەرماندەیی باشوورە. ئەم کارەى سوپاى ئیسرائیل لە چوارچێوەى هۆشدارى و هەڕەشەکانە لەسەر لەقاودانى ناوى ئەفسەرانى سوپاى سووریا کە بە ووتەى سوپای ئیسرائیل، لە خزمەتى کۆمارى ئیسلامی دان.

بە پێى بەیاننامەى سوپاى سووریا ، سەرهەنگ بەشار حسێن، ئەفسەرى سوپاى سووریا و فەرمانەى بەشى زانیارى لە تیپى ٩٠، وەک ڕایەڵکە و پەیوەندى نێوانە فەرماندەیی باشوورى حیزبۆڵڵا و لەشکرى یەکەمى سوپاى سووریا کار دەکات. لەگەڵ حاجى هاشم، بەرپرسى فەرماندەى باشوورى سووریا و کوڕەکەى، جەواد هاشم، بەرپرسى ناوچەى لەشکرى حەوت لە فەرماندەیی باشوور هاوکارى نزیکى هەیە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە بەشار حسێن بە سوود وەرگرتن لە هەڵکەوتەى کارى و بەرپرسیاریەتییەکەى کە لە فەرماندەیی زانیارى و هەواڵگری سوپاى سووریایە، خەریکى کۆکردنەوە و موتاڵاى زانیارییەکانە لە خاڵەکانى دیدەبانى و گەشتە جیاوازەکان لە ناوچەیەک کە بە پێى ڕێککەوتننامەى ١٩٧٤، بوونى کەسانى سەربازى سووریا تیایدا قەدەغەیە. هەروەها بەشێکى دیکە لە کارەکانى، دابینکردنى پێویستییە دیدەبانییەکانى حیزبۆڵڵا و سوپاى قەودسى تیرۆریستى کۆمارى ئیسلامییە لەم ناوچەیە.

حیزبۆڵڵا لە زۆر بواردا زانیارى لەسەر خاڵە دیدەبانییەکان کە ئەفسەرە سوورییەکە دەیانخاتە بەردەست، سوودى وەرگرتووە و ئەم کەسە بە سوودوەرگرتن لە دۆخى خراپى باشوورى سووریا و ئەو کێشانەى کە ڕووبەڕووى دانیشتووەکانى ئەو ناوچەیە دەبنەوە، درێژە بە هاوکارییەکانى لەگەڵ حیزبۆڵڵا و کۆمارى ئیسلامى دەدات.

ووتەبێژى سوپاى ئیسرائیل لە کۆتایی قسەکانیدا ووتى: سوپاى ئیسرائیل بە ووردى بەدواداچوون و کار لەسەر هەموو ئەو شتانە دەکات کە لەو سنوورە ڕوو دەدەن و ئاگادارى چالاکى هەموو ئەو کەسانەیە کە ئەمنیەت و ئاسایشى ئیسرائیل دەخەنە مەترسییەوە و ڕژێمى دیمەشق ناچارە بەرپرسیاریەتى هەموو چالاکییەکانى خۆى لە خاکى سووریا کە دژى ئیسرائیل ئەنجام دەدرێن، بە ئەستۆوە بگرێت.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە