سوپای ئەمریکا : کەمپی هۆل هەڕەشەیەکی مەترسیدارە و پێویستە چۆڵ بکرێت

پەیامی کورد   ...  سوپای ئەمریکا : کەمپی هۆل هەڕەشەیەکی مەترسیدارە و پێویستە چۆڵ بکرێت

فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ڕایدەگەینێت، کەمپی هۆڵ موڵگەی پێگەیاندنی نەوەی داهاتووی داعشە و هەڕەشەیەکی مەترسیدارە لە ناوچەکەدا، جەختیش دەکاتەوە، کە بەردەوام دەبێ لە پشتیوانییەکانیان بۆ هێزەکانی قەسەدە، کە بەرپرسیارییەتی پاککردنەوەی داعشیان لە ئەستۆگرتووە.

فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا لە تویتەری فەرمی خۆی ڕاگەیندراوێکی لەبارەی سەردانی ژەنەراڵ مایکڵ ئێریک کۆرێلا، سەرۆک ئەرکانی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڵاوکردووەتەوە و لە نزیکیشەوە چاودێری ئۆپراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای لە کەمپی هۆل کردووە و لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی قەسەدەش کۆبووەتەوە.

سوپای ئەمریکا باسی لە مەترسییەکانی کەمپی هۆل کردووەتەوە و جەختی لە بەردەوامیی پشتیوانییەکانیان کردووەتەوە بۆ هێزەکانی قەسەدە و ستایشی هەوڵەکانیانی کردووە، کە بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە چەتەکانی داعش ئەنجامی دەدەن.

سوپای ئەمریکا دەڵێت:”کەمپی هۆڵ مەترسییەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و پاشان جیهانیش، چوونکە نەوەی داهاتووی داعش لەو کەمپەدا پەروەردە دەکرێن”.

هەروەها باس لە خراپی دۆخی ژیانی ناو کەمپەکە و دانیشتووانەکەی بەدەست ئەندامەکانی داعشەوە دەکات، کە ئەندامانی داعش لەنێو کەمپەکە بە جۆرێکی وەها مامەڵە دەکەن ژنانی نێو ئەو کەمپە دەکەنە “کۆیلە” و “دانیشووانی نێو کەمپەکە ئەشکەنجە دەدەن و ئایدیۆلۆژیا ژەهراوییەکانیان بڵاودەکەنەوە”.

سوپای ئەمریکا دەڵێت:”هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ دۆخی کەمپی هۆڵ نییە، تەنها ئەوە نەبێت دانیشتووانەکەی بگەڕێننەوە وڵاتی خۆیان و کەمپە چۆڵبکرێت، لە کاتێکدا زۆربەی دانیشتووانەکەی داعش ڕەتدەکەنەوە و خوازیارن بگەڕێنەوە ووڵاتەکانی خۆیان”.

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا جەختیش لە بەردەوامیدان و پاڵپشتیکردنی قەسەدە دەکاتەوە و دەڵێت:”بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات، بۆ ڕێگریکردن و چارەسەرکردنی ئەو دۆخە مرۆییە ناخوازراوەی لەو کەمپەدا ڕوودەدات، کە ئەوەش بەردەوامیدانە بەو هەوڵ و هەماهەنگییەی، کە بۆ دڵنیابوونەوە لە تێکشکاندن و کۆتایی هێنان بە داعش دەستمان پێکردووە”.

کەمپی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستانە و نزیکەی ٥٦ هەزار کەسی تێدا نیشتەجێن، سوپای ئەمریکا دەڵێت؛ مانگانە نزیکەی ٨٠ منداڵ لەو کامپە لەدایک دەبن و هەربۆیەش ئەو کامپە شوێنێکە بۆ پێگەیاندنی نەوەی نوێی داعش و دەشڵێت: “نزیکەی ٧٠٪ی دانیشتووانی کەمپەکە لە خوار تەمەنی ١٢ ساڵییەوەن، ئەوانیش مەترسی ئەوەیان لەسەرە بەو فکرە ڕادیکاڵییە مەترسیدارە گۆشبکرێن، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە سەختەی لە کەمپەکەدا بەسەری دەبەن”.


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە