سوپای عێراق داوای ھاوکاری و ھەماھەنگی لە پێشمەرگە دەکات
پەیامی کورد ... سوپای عێراق داوای ھاوکاری و ھەماھەنگی لە پێشمەرگە دەکات
فەرماندەیەکی سوپای عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی داعش داوای ھاوکاری و ھەماھەنگی لە پێشمەرگە دەکات و بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت، یەکێک لە داواکارییەکانی پێشمەرگە ھەماھەنگی بووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.
لیوا بابەکر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایگەیاند: "پێشتریش و ئێستاش یەکێک لە داواکارییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە پێکھێنانی ژووری ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەش بووە لە نێوان پێشمەرگە و هێزی بەرگریی عێراق بۆ زۆر پرس، لەوانەش بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش، بەڵام ئەوە وەزارەتی بەرگریی عێراقە کە ئامادە نەبووە بۆ پێکھێنانی ژووری ئۆپراسیۆنی ھاوبەش."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "چەندین کۆبوونەوە لە نێوان ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق کراوە و پێویستە ھەماھەنگیی باش ھەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، چونکە ڕەوشەکە پێویستی بە ھاوکاری یەکترە لە ئاستی جیاوازدا."
لیوا بابەکر فەقێ ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "ڕاستە داعش ئەو مەترسییەی پێشووتری نەماوە، بەڵام مەترسیی دەرکەوتنی ئێستای داعش لەسەر عێراق کەم نییە، بەتایبەتی ماوەیەکە لە ھەندێ ناوچەی عێراق چەکدارانی داعش خۆیان ڕێک خستووەتەوە و کردەوەی تیرۆریستی بەڕێوە دەبەن و ھەماھەنگی و بەشداریی ھاوبەش بۆ لەناوبردنی داعش لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزارەتی پێشمەرگەیە و ھەرکات بە پێویست زانرا ئەوە وەزارەت بڕیار لەوبارەیەوە دەدات."
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە