سوپای عێراق و وه‌زاره‌تی به‌رگری بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی و سه‌قامگیری له‌ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم گهیشتنە ڕێككه‌وتنی كۆتایی
پەیامی کورد ... سوپای عێراق و وه‌زاره‌تی به‌رگری بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی و سه‌قامگیری له‌ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم گهیشتنە ڕێككه‌وتنی كۆتایی
وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی و سه‌قامگیری له‌ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و له‌ناوبردن و دوورخستنه‌وه‌ی تیرۆریستان له‌و ناوچانه له‌گه‌ڵ سوپای عێراق و وه‌زاره‌تی به‌رگری گه‌یشتینه رێككه‌وتنی كۆتایی و به‌م نزیكانه ئاماده‌كارییه‌كان بۆ رۆڵ و ئه‌رك بینینی ئه‌و دو لیوایه ته‌واو ده‌بێت.
به‌گوێره‌ی راگه‌ێندراوێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه پێشوازیكرد له كۆلۆنێل تاد بڕۆوس، به‌رپرسی راوێژكارانی سه‌ربازی هاوپه‌یمانان له‌هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی سه‌ربازی یاوه‌ری.
له‌میانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، وه‌زیری پێشمه‌رگه، هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی هێزی هاوپه‌یمانان و هێزه‌كانی ئه‌مریكای به‌رزنرخاند له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و تیرۆریستان‌دا، هاوكات له‌سه‌ر دۆخی ئاسایشی ناوچه‌كه، وه‌زیری پێشمه‌رگه به تیمی راوێژكارانی سه‌ربازی هاوپه‌یمانانی راگه‌یاند، "ئێمه له واقیعی ناوچه‌كه به‌باشی تێده‌گه‌ین و خوازیارین له‌به‌رامبه‌ر مه‌ترسیه چاوه‌ڕوانكراوه‌كان، له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ینه رێكه‌وتنی كۆتایی له‌سه‌ر ته‌واوی گرفت و له‌مپه‌ره‌كان، تا له‌داهاتودا ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش به‌یه‌كه‌وه ئه‌نجامبده‌ین".
ووتیشی، "بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی و سه‌قامگیری له‌ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و له‌ناوبردن و دوورخستنه‌وه‌ی تیرۆریستان له‌و ناوچانه له‌گه‌ڵ سوپای عێراق و وه‌زاره‌تی به‌رگری گه‌یشتینه رێككه‌وتنی كۆتایی و به‌م نزیكانه ئاماده‌كارییه‌كان بۆ رۆڵ و ئه‌رك بینینی ئه‌و دو لیوایه ته‌واو ده‌بێت.
به‌رپرسی راوێژكارانی سه‌ربازی هاوپه‌یمانان له‌هه‌رێم رایگه‌یاند، "ئێمه لێره‌ین و به‌رده‌وام ده‌بین له‌هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌كانمان، بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه هاوشان له‌گه‌ڵ سوپای عێراقدا ساز‌و ئاماده بكه‌ین، له‌به‌رامبه‌ر پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچه‌كه و تێكشكانی ته‌واوه‌تی تیرۆریستان".
روونیشیكرده‌وه، "هاوپه‌یمانان له پرسی هاوكاریه‌كانیان له پڕۆسه‌ی چاكسازی پێشمه‌رگه و رێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كان و پڕۆسه‌ی مه‌شق و راهێنانه‌كان به‌هێزی پێشمه‌رگه به‌رده‌وام ده‌بن".
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە