سکرتێری ئەنەکەسە : سەرۆک بارزانی دوو داواکاری ھەیە

پەیامی کورد   ...   سکرتێری ئەنەکەسە : سەرۆک بارزانی دوو داواکاری ھەیە

سکرتێری ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا دەڵێ، کۆنفرانسێکی ناوخۆیی لە ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر دەست پێشخەری سەرۆک بارزانی ئەنجام درا و ئێستاش دوو داواکاری سەرەکی لە لایەنەکان ھەیە، ئەویش یەک ھەڵوێستی لایەنەکان و پێکھێنانی شاندێکی ھاوبەشە بۆ ئەوەی سەردانی دیمەشق بکات و گفتوگۆ لەبارەی مافی کورد لە سووریا بکرێت.

محەمەد ئیسماعیل، سکرتێری ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا کۆنفرانسێکی لایەنە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام درا، بڕیارە شاندێک لە نێوان لایەنە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان پێک بێت و سەردانی دیمەشق بکەن لەبارەی مافی کورد لە سووریا و لێکتێگەیشتن درووست بووە و چاوەڕێ دەکرێت بە زووترین کات شاندەکە درووست بێت و بچێت بۆ دیمەشق، بۆیە ئێمە وەکوو ئەنەکەسە ئامادەین و چاوەڕێ دەکەین پەیەدە ئامادەی بکەن و شاندەکە بچێت بۆ دیمەشق، بۆیە ئێمە ئومێدەوارین بە زووترین کات شاند درووست بێت و سەردانی دیمەشق بکات و لەگەڵ حکوومەتی سووریا دەست بە گفتوگۆ بکەن لەبارەی مافی کورد.

سکرتێری ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا ووتیشی، ئێستا زەمینەیەکی باش ھاتووەتە ئاراوە لە ناو میللەتی ئێمە و داواکارین بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بتوانین کاری ھاوبەش پێکەوە بکەین، بۆیە چاوەڕێ دەکەین شاندێکی ھاوبەش درووست بێت و بچێت بۆ دیمەشق و دەست بە گفتوگۆ و دانووستان بکەن، بۆ ئەوەی لەبارەی مافی کورد لە سووریا بگەنە ڕێککەوتن، چوونکە پێویستە بە زووترین کات شاندەکە درووست بێت وەکوو ئەوەی لە کۆنفرانسی ناوخۆی لایەنە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان بڕیاری لێدراوە.

محەممەد ئیسماعیل ڕوونیشی کردەوە، سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی زۆر باشی ھەبووە لە یەکخستنی ناوماڵی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و کۆنفرانسی لایەنە کوردییەکانیش لەسەر دەست پێشخەری سەرۆک بارزانی ئەنجام درا و بەردەوامیش تەئکید لەسەر دوو خاڵ دەکاتەوە، ئەوانیش یەک ھەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان و پێکھێنانی شاندێکی ھاوبەشە، بۆ ئەوەی بچێتە دیمەشق و گفتوگۆ لەبارەی مافی کورد لە سووریا بکات و ھیچ کات پێی خۆش نییە کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان پەرتەوازە بێت و پێویستە بە یەکگرتوویی بچن بۆ دیمەشق، بۆیە بەردەوام داوا دەکات بە زوویی شاندێک درووست بکرێت و بچێت بۆ دیمەشق و ئێمەش ھەوڵی جیددی دەدەین بۆ ئەوەی لە نزیکترین وەخت ئەو شاندە ھاوبەشە درووست بێت و سەردانی دیمەشق بکەن.


ئەم بابەتە 32 جار خوێندراوەتەوە