سیستەمی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان بە ئەلیکترۆنی دەکرێت

پەیامی کورد   ...   سیستەمی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان بە ئەلیکترۆنی دەکرێت

لە ھەرێمی کوردستان کاردەکرێت بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی تەواوی قوتابخانەکان بە ھەماھەنگی لەگەڵ دامەزراوەی محەممەد بن راشد مەکتووم.

دووشەممە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٥، دامەزراوەی محەممەد بن راشد ئەل مەکتوومی ئیماراتی سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە بۆ ئەوەی بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە پڕۆژەی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی لە ھەرێمی کوردستان ڕابگەیەنن.

ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ''پێش چوارساڵ دەستمان کرد بە بەشداریکردن لە پڕۆژەی قوتابخانەی دیجیتاڵی لەگەڵ دامەزراوەی محەممەد بن راشد ئەل مەکتووم، ئامانجمان لە بەشداریکردن زیاتر گرینگی دانبوو بە پڕۆسەی خوێندن و پیشکەوتنی کەرتی پەروەردەیە، ئەم پڕۆسەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا لە تەواوی ھەرێم جێبەجێ دەکرێت.

پڕۆسەی خوێندی ئەلێکترۆنی یەکێکە لە پێشکەوتووترین سیستەمەکانی خوێندن لە جیھاندا، ئاسانکارییە ھەم بۆ قوتابی و ھەمیش بۆ مامۆستایان، ئەم پڕۆژەیە لە ڕێگەی ئەپلیکەیشنێکی دەبێت دەتوانرێت لە ڕێگەی کۆمپیوتەر یاخود ئایپادەوە داخلی ببن، تەواوی ئەو وانە و پێداویستیانەی قوتابی بۆ فێربوونی وانە پێویستییەتی لەبەر دەستی دەبێت، ھەروەھا مامۆستا دەتوانێت لە ڕێگەیەوە بە زووترین کات و ئاسانترین کات ئامانج و مەبەستی دیاری کراوی خۆی بگەێنێتە دەست قوتابیەکانی و لە پەیوەندی بەردەوامدابن.

پڕۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی پێشکەوتووترین سیستەمی  خوێندنە لە جیھاندا، قوتابیان لە ڕێگەی ئایپادەکانیانەوە دەتوانن تەواوی زانیاری و شیکاری وانەکانیان بەدەست بھێنن، ئەو قوتابیانەی کە ناتوانن بەھۆی ھەر ھۆکارێکەوە بێت چەند ڕۆژێک نەچنە قوتابخانە لە وانەکانیان دانابڕێن بە ئەیپادەکانیان دەتوانن بەشداربن لە وانەکەی ھەمان ڕۆژ، ئەو وانانەی توانای تێگەیشتنیان نەبووە دەتوانن دووبارەی بکەنەوە و لێیتێبگەن.

دامەزراوەی محەممەد بن راشد ئەل مەکتووم دەڵێت، لە ھەرشوێنێک قوتابخانەی دیجیتاڵی ھەبێت ئاستی قوتابیان بە شیوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە، خۆشحاڵم کە کوردستان بە شێک دەبیت لەم پێشکەوتنانە، لێرە پێشوازیەکی جوانمان لێکراوە و پلان وایە لەگەڵ وەزیری پەروەردە و تەواوی کاربەدەستان کار بکەین بۆ بەئەلیکترۆنی کردنی تەواوی قوتابخانەکانی ھەرێمی کوردستان.

ئالان حەمە سەعید ڕایگەیاند: پێویستە مامۆستایان ڕاھێنانیان پێبکرێت لەسەر سیستەمە نوێکە بۆ ئەوەی بتوانن قوتابیان ڕابھێنن لەسەر کارکردن بەم سیستەمە نوێیە، لە ئایندەیەکی نزیکدا ھەموو قوتابخانەکان دەکەینە ئەلیکترۆنی.


ئەم بابەتە 46 جار خوێندراوەتەوە