سێ بەندئاو لە پارێزگای دهۆک تەواو دەکرێن
بڕیارە سێ بەندئاو لە پارێزگای دھۆک دروست بکرێن. بەڕێوبەری بەندئاوی دھۆکیش دەڵێت، حکوومەت پارەی پێویستی بۆ تەواوکردنی بەندئاوی خنس دابین کردووە و بڕیارە دوو بەندئاوی دیکەش تەواو بکرێن.
فەرھاد محەمەد، بەڕێوبەری بەندئاوی دھۆک، ڕایگەیاند: "پێش قەیرانی دارایی دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی سێ بەنداو لە سنووری پارێزگای دھۆک کرابوو، ئەوانیش بەندئاوەکانی سپنە لە ئامێدی و بەندئاوی خنس لە قەزای شێخان و بەندئاوێکی دیکە لە سێمێل بوون، بەڵام بەھۆی ھاتنی قەیرانی دارایییەوە کارکردن تێیاندا ڕاگیرابوو.''
بەڕێوبەری بەندئاوی دھۆک دەڵێت: "کابینەی نۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە ھەرسێ بەندئاوەکەی دھۆک تەواو بکرێن و گوژمەی چوار ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار خەرج کراوە و کارکردن لە بەندئاوی خنس دەستی پێ کردووەتەوە، دوو بەندئاوەکەی دیکە ھێشتا دەست بە تەواوکردنیان نەکراوە، بەڵام حکوومەت ئاگادار کراوەتەوە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە تەواوکردنیان بکرێت.''
فەرھاد محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بۆ تەواوبوونی ھەرسێ بەندئاوەکە ١٠ ملیار دینار پێویستە و تەواوبوونیان کاریگەری لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاری دەبێت لە سنووری پارێزگای دھۆک، چوونکە ئاوێکی زۆر گل دەدرێتەوە.''
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە