سێ‌ نوسەر و ڕۆژنامەنووسی ناسراوی یەكیتی بە هۆی لایەنگری لاهوور جەنگی مووچەكانیان لەلایەن مەكتەبی ناوەندی راگەیاندن رادەگیرێت

پەیامی کورد     ...   سێ‌ نوسەر و ڕۆژنامەنووسی ناسراوی یەكیتی بە هۆی لایەنگری لاهوور جەنگی مووچەكانیان لەلایەن مەكتەبی ناوەندی راگەیاندن رادەگیرێت

لەسەر نووسینی چەند ووتارێك سێ‌ نوسەر و ڕۆژنامەنووسی ناسراوی یەكیتی مووچەكانیان لەلایەن مەكتەبی ناوەندی راگەیاندن رادەگیرێت یان هەڵدەوەشێنرێتەوە.

بەپێی لێدوانی سەرچاوەیەك لەمەكتەبی راگەیاندنی یەكیتی نیشتیمانی كوردستان ، كە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت ، بەهۆی نووسین دەربارەی ئەو بارودۆخە نوێیەی ناوخۆی یەكیتی و بۆچوونیان لەمەڕ گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی حزبەكەیان، لەسەر داوای (ستران عەبدۆڵلا) لێپرسراوی مەكتەبی ناوەندی راگەیاندن (بەوەكالەت) مووچەو گرێبەستی ژمارەیەك نوسەرو رۆژنامەنوسی ناسراوی یەكێتیی راگیراوە یان هەڵوەشێنراوەتەوە، لەوانە(د. شێركۆ عەبدۆڵلا)ی تەنزنوس ، (د. مەغدید سەپان) یاریدەدەری پرۆفیسۆرو مامۆستای بەشی راگەیاندن، هەروەها (سەرتیپ جەوهەر) كە نووسەرو رۆژنامەنووسێكی دیاری یەكێتییە.
سەرچاوەكە ووتی"پێدەچێت ئەم كارە لەچوارچێوەی فشاری دەباشان بێت بۆ بێدەنگكردنی نووسەرو رۆژنامەنووسانی یەكیتی كە لەبەرامبەر گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییە بۆچوونیان هەبووە رای خۆیان دەربڕیوە. ووتیشی هەریەكە لەو سێ‌ كەسەی ووتاریان نووسیوەو ناڕازی بوون لەدۆخی یەكیتی و گۆڕانكارییەكانیان بەلادان لەپرەنسیپ و بنەماكانی دیموكراسی وەسفكردووە".
ووتیشی "پێدەچێت مووچەو گرێبەستی ژمارەیەك نوسەرو رۆژنامەنووسی تر رابگیرێت یاخود گرێبەستەكانیان هەڵوەشێندرێتەوە، كە هەندێكیان بەلایەنگری لاهوور شێخ جەنگی ناسراون، بەڵام قۆناغ بەقۆناغ جێبەجێدەكرێت".


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە