سێ ھەزار کەس سەر بەم دامەزراوەیە دادەمەزرێن

پەیامی کورد  ...  سێ ھەزار کەس سەر بەم دامەزراوەیە دادەمەزرێن

دوای بڕیاری بەھەمیشەیی کردنی فەرمانبەرانی کۆمیسیۆن، بەرپرسێکی کۆمیسیۆن لە ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، بڕیارە سێ ھەزار گرێبەستی دیکە دابمەزرێن و نیوەیان بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت.

خالید دۆسکی، بەڕێوبەری ئوفیسی دھۆکی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق،ڕایگەیاند: "لەگەڵ بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ٢٧٣ فەرمانبەری گرێبەست لە پارێزگای دھۆک کراون بە ھەمیشەیی و ھەموو فەرمانبەرە گرێبەستەکانی کۆمیسیۆن لە دھۆک مەرجی ھەمیشەیی بوون دەیانگرێتەوە، لەبەر ئەوەی خزمەتیان لە دوو ساڵ زیاترە، ئەمەیش کاریگەری لەسەر کارکردنی ئەو فەرمانبەرانەی کۆمیسیۆن دەبێت و مووچەیان دەبێتە دووبەرانبەر.

بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن دەشڵێت: "سێ ھەزار فەرمانبەری دیکەی گرێبەستی کاتی ھەن لە عێراق ئەوانە تەنیا بۆ کاتی ھەڵبژاردنەکان گرێبەستیان بۆ کراوە و داوای دامەزراندن دەکەن بە شێوەی گرێبەست.''

خالید دۆسکی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بڕیارە سبەی ڕۆژی سێشەممە بڕیار لەبارەی چارەنووسی ئەو سێ ھەزار فەرمانبەرەی کۆمیسیۆن دەربچێت و ئەگەر پەسەند بکرێت ئەوانیش دەبنە گرێبەست و لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستاندایە، لەبەر ئەوەی نیوەی ئەو فەرمانبەرە خەڵکی ھەرێمی کوردستانن و ژمارەی فەرمانبەرانی ئێمە زیاد دەبێت و خەڵکی ئێمە سوودمەند دەبێت.''


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە