سەبارەت بە ئەندامی داعش ی نەناسراو و نامۆ هۆشداری دەدرێت
پەیامی کورد ... سەبارەت بە ئەندامی داعش ی نەناسراو و نامۆ هۆشداری دەدرێت
چەند ڕۆژێکە ژمارەیەک داعشی نێو زیندانی حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایان کردووە و بەرپرسانی عێراقیش نایشارنەوە بەرەو عێراق ھاتوون، بەرپرسێکی پارتییش لە خانەقین دەڵێت، چەند ڕۆژێکە ژمارەیەک چەکداری غەریب لەنێو داعش پەیدا بوون و گومان دەکرێت، یان لە سووریاوە دزەیان کردبێت، یان داعشی بیانی بن.
کرمانج عەبدۆڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچۆغی پارتی، ڕایگەیاند: "مەترسی داعش بەردەوام ھەیە لە زۆربەی ناوچەکان، بەڵام ئەگەر ئەو چەکدارانەی داعش لە سنووری سووریا دزە بکەنە نێو خاکی عێراق، سەرەتا لە ناوچەکانی شەنگال و بەعاج و ڕۆمادی بڵاو دەبنەوە، قۆناغی دووەم دەگەنە سنووری مەخموور، چوونکە لە ڕووی جوگرافیاوە ناوچەی مەخموور دوورە لە سنوور، بەڵام ئەگەر ھاتنە نێو خاکی عێراق، بێگومان بۆ ھەموو ناوچەکان دەچن.''
لەبارەی مەترسییان بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکان کرمانج عەبدۆڵڵا دەڵێت: "ئەگەر ئەو داعشانەی سووریا بێنە ناو خاکی عێراق و بڵاوەیان پێ بکرێت، ئەوە مەترسیی گەورە لەسەر ڕەوشی ئەمنی پەیدا دەبێت، بەتایبەتی بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.''
جەعفەر موستەفا، بەرپرسی لقی خانەقین ی پارتی، ووتی: "ئێستا چەکدارانی داعش لە سنووری خانەقین و دیالە دەستیان بە جووڵە کردوە و ھەندێ ناوچەی سنوورەکە چەکدارانی داعش تەراتێنی تێدا دەکەن و بە ئارەزووی خۆیان دەگەڕێن، لە شەوی ڕابردووەوە ھێزە عێراقییەکان دەستیان بە ئۆپەڕاسیۆن کردووە، چوونکە بەپێی زانیاری ئێمە، ھەندێ چەکداری غەریبی داعش پەیدا بوون، ئیجا نازانین سەداسەد ئەوانەی سووریان دزەیان کردووە، یان خەڵکی دیکەی بیانین لەنێو داعشدا.''
بەرپرسەکەی پارتی لە خانەقین دەڵێت: "تا پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ناوچەکانی پێشوو ڕەوشی ئەمنی بە ھێزە عێراقییەکان کۆنتڕۆڵ ناکرێت، لەبەر ئەوەی سنوورێکی فراوان ھەیە و لە نەفتخانەوە تا کۆتا سنووری حەمرین، ھەمووی داعشی تێدایە.''
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە