سەبارەت بە دابەزینی نرخی دۆلار پەیامێک ڕادەگەێندرێت
پەیامی کورد ... سەبارەت بە دابەزینی نرخی دۆلار پەیامێک ڕادەگەێندرێت
دوای ئەوەی وەزیری دارایی حکوومەتی عێراق باسی لەوە کرد کە نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بۆ ١٢٥ ھەزار دیناری عێراق دەگەڕێننەوە و نرخەکەی وەکوو پێشووی لێ دێتەوە، بڕیاریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق ووتی: ''ئەو بڕیارە ئەگەر جێبەجێ بکرێت زۆر باشە و لە بەرژوەندی خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستانیشدایە، چونکە بەھێزکردنی دراوی عێراق دەبێتە ھۆی ئەوەی جارێکی دیکە نرخی کەلوپەلەکان ئەرزان ببنەوە، ئەمەش بۆ خەڵک زۆر باشە.''
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق، دکتۆر فازڵ نەبی، ڕایگەیاند : ''تا پێش چەند ڕۆژێک وەزیری دارایی حکوومەتی عێراق سوور بوو لەسەر ئەوەی نرخی دۆلار بەرز بووەتەوە و کارێکی باشیان کردووە کە کاتی خۆی ئێمە دژی بووین و پێمان وابوو چارەسەری دیکە ھەبوو بکرێت، بەڵام ئێستا کاریگەری سیاسی و پێکھێنانی حکوومەت لە ئارادایە و دەیەوێت جارێکی دیکە نرخی دۆلار کەم بکاتەوە لە ھەر ١٠٠ دۆلار بۆ ١٢٥ ھەزار دینار، بەڵام لە ڕەشنووسی نوێی بودجەدا شتی وای تێدا نییە و ئەگەر بکرێت زۆر باشە و لە بەرژوەندی خەڵکی عێراقدایە.''
دکتۆر فازڵ نەبی ووتیشی: ''ئەوان ئەو کارەیان کردووە و کاتی خۆی قەناعەتیان بە سەرۆکوەزیران ھێنا و فشاریان لە پارێزگاری بانکی ناوەندی کرد ناچار بوون قیمەتی دیناریان کەم کردەوە و دۆلاریان بەرز کردەوە، بۆیە ئێستا دەتوانن جارێکی دیکە نرخی دۆلار بۆ نرخی پێشوو بگەڕێننەوە و ئەگەر ئەو کارەش بکەن کاریگەری باشی دەبێت، بەڵام ھەندێک کاتی دەوێت تا بازرگانەکان بتوانن لەگەڵ دۆخەکە ڕابێن و نرخی کەلوپەلی ئەرزانتر دەبێت، بۆیە بەھێزکردنی دراوی عێراق لە بەرژوەندی خەڵکی عێراقدایە.''
ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە