سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە " هەموو مانگێک " پەیامێکی گرینگ بڵاو دەکرێتەوە

پەیامی کورد    ...   سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە هەموو مانگێک پەیامێکی گرینگ بڵاو دەکرێتەوە

رێباز حەملان، لەبارەی ئامادەكارییەكان بۆ پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١ی هەرێمی كوردستان، ئاشكرای كرد، كه‌ هەردوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی رێكارەكانیان تەواو كردووە و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ چی شێوه‌یه‌كی مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ بوودجه‌ی ٢٠٢١ـی عێراقدا جێگیر ده‌كرێ.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، رێباز حەملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری ئه‌نجوومه‌نی باڵای وه‌به‌رهێنان و ئه‌نجوومه‌نی گشتی ڕاژه‌، لەبارەی ئامادەكارییەكان بۆ پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١ی هەرێمی كوردستان، به‌ رۆژنامه‌نووسانی ڕاگه‌یاند، لە رۆژی دووشەممەوە دەست بە پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١ـی عێراق دەكرێ، "چاوەڕێین بزانین چۆن مافەكانی هەریمی كوردستان دیاری دەكرێت، ئەوكاتە پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١ی هه‌رێمی كوردستان دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان".

ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو، كه‌ بۆ یەكەمجارە سەرجەم داهاتەكانی هەرێمی كوردستان، له‌ داهاتی نەوت و نانەوتی لە نێو پڕۆژەیاساكە جێگیر دەكرێت، بۆ ئەوەی بە شەفافانە داهات و خەرجییەكان بخرێنە روو.

ڕێباز حه‌ملان، ئه‌وه‌شی خسته‌ روو، جێبەجێكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی بەردەوامە، كە دەبیتە هۆی زیادكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجییەكان، تا داهاتەكان شەفافانە ڕێك بخرێنەوە و بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، كه‌ وەزارەتی دارایی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راسپێردراوە هەموو ٢٥ی مانگێك مووچە دابەش بكات.

لەبارەی دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای راژە، گوتی "هەنگاوەكانی بەرەو كۆتاییە و چاوەڕێین بە تەواوی دەست بە درووستكردنی ئەو ئەنجوومەنە بكرێت، كە ڕۆڵێكی سەرەكی لە ڕێكخستنەوەكانی میلاكات و چاكسازییەكانی سەرجەم سیكتەرەكان هەیە".


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە