سەبارەت بە دۆخی ناوچە كوردستانییەكان هۆشداری دەدرێت
پەیامی کورد ... سەبارەت بە دۆخی ناوچە كوردستانییەكان هۆشداری دەدرێت .
ڕاوێژكاری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری سەربازی رایدەگەێنێت : ئەگەر ھەرێم و بەغدا لەبارەی ناوچە كوردستانییەكانەوە بگەنە رێككەوتن، ھەموو كێشەكان چارەسەر دەبن، بەڵام ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، دۆخەكە خراپتر و زۆریش مەترسیدار دەبێت.
بابەكر زێباری، ڕاوێژكاری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری سەربازی ڕایگەیاند : داواكاری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەوەی ھەرێم و بەغدا لەبارەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە كوردستانییەكان بگەنە رێككەوتن، زۆر گرینگە، ھەم بۆ ھەرێمی كوردستان و ھەمیش بۆ حكوومەتی عێراق، بۆیە پێویستە لیژنەی ھاوبەش لە ناوچە كوردستانییەكان دروست بكەن، بۆ ئەوەی كێشەكان بە ھاوبەشی چارەسەر بكەن.
زێباری ووتیشی، زۆر ھۆكار ھەن بۆ ئەوەی رێككەوتنی ھەرێم و بەغدا لەبارەی ناوچە كوردستانییەكانەوە سەركەتوو نەبێت، چوونكە ھەندێك گرووپ ھەن نایانەوێت ئەو ناوچانە ئارام بن، بۆیە ئەگەر ماددەی ١٤٠ جێبەجێ كرابایە، ھەموو كێشەكان بە یەكجاری چارەسەر دەبوون، هەروەها سنوور دیار دەبوو و ژمارەی دانیشتووان دەردەكەوت و ژمارەی كورسییەكان و رێژەی ھێزەكانیش ھەمووی دیاری دەكرا.
راوێژكاری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان باسی لەوەش كرد، ھەموو لایەنەكان لەو ناوچانەدا ھێزیان ھەیە و بەرەو ھەڵبژاردن دەچین، ئەوانەش ھەموو چەك بەدەستن، بۆیە دۆخەكە بەرەو خراپتر دەچێت و مەترسیدار دەبێت، ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت و بە زووترین كات چارەسەر نەكرێت.
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە