سەبارەت بە پرسی مووچە وەزارەتی ئابووری و دارایی نووسراوێک بڵاو دەکاتەوە
پەیامی کورد ... سەبارەت بە پرسی مووچە وەزارەتی ئابووری و دارایی نووسراوێک بڵاو دەکاتەوە
وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لەسەرجەم وەزارەت و فەرمانگە نەبەستراوەکانی سەر بە وەزارەتەکان کرد بەمەبەستی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و بەئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان، هەژماری بانکی بۆ ئەو فەرمانبەرانە بکرێتەوە کە هەژماری بانکیان نیە و فەرمانگەکانیان راستەوخۆ نووسراو ئاڕاستەی بانکی تایبەتمەند بکەن.
لە بڕیارەکەدا کە واژووی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و ١٧ـی ئەم مانگە ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە نەبەستراوەکانی سەر بە وەزارەتەکان کراوە ئاماژە بەوەکراوە، پاڵپشت بە جێبەجێكردنی بڕگە و مادەکانی یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و ئیمتیازات و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان-عێراق و بۆ رێکخستنەوەی بواری بانکی، پێویست دەکات سەرجەم مووچەخۆران هەژماری بانکیان بۆ بکرێتەوە.
ئەوەش هاتووە، بەمەبەستی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کە هەژماری بانکیان نیە، پێویستە سەرجەم فەرمانگە و دەزگاکانتان نووسراوەکانیان راستەوخۆ ئاڕاستەی بانکی تایبەتمەند بکەن، بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی و وەرگرتنی مووچەی مانگانەیان.

ئەم بابەتە 12046 جار خوێندراوەتەوە