سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەر کردنی کەمی سووتەمەنی پەیامێک بڵاو دەکرێتەوە

پەیامی کورد     ...   سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەر کردنی کەمی سووتەمەنی پەیامێک بڵاو دەکرێتەوە

بۆ چارەکردنی کێشەی نەوت و گاز و بەنزین، لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کۆبووەوە، ئەندامێکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانیش دەڵێ، کێشەی ھاتنی بەنزین چارەسەر بووە و حکوومەت پلانێکی باشی بۆ چارەکردنی یەکجارەکیی کێشەی غاز ھەیە، بۆ دابەشکردنی نەوتیش، حکوومەتی عێراق بەڵێنی خۆی نەبردووەتە سەر.

ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، دکتۆر رێبوار بابکەیی، ڕایگەیاند : "لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر سێ مەلەفی سەرەکی کۆبووینەوە، ئەوانیش نەوت و غاز و بەنزینن، کە لەوانە گازی ماڵان و گرانبوونی نرخەکەی کە بە دوو جۆر دەفرۆشرێت و ئەوەی حکوومەت بە ٨ هەزار و ٥٠٠ دینارە و ئەوەی دیکە بازرگانییە بە ١٥ هەزار دینارە، بۆ ئەوەی بزانین وەزارەت رای چییە و چۆن چارەسەر دەکرێت، هەروەها ھۆکاری قەیرانەکە چییە و بۆ بە دوو شێوە نرخی گاز ھەیە، ھەندێک پێشنیازمان خستە ڕوو، مەلەفی دووەمیش نەوت و ئەوەی سێیەمیش نرخی بەنزین بوو، بەڵام بە ھۆی ئەوەی کۆبوونەوەکە گفتوگۆی زۆری ھەڵدەگرت، ھەفتەی داھاتوو کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام دەدرێت".

بابکەیی گوتیشی: "بۆ چارەکردنی کێشەی غاز، کە ھەندێک ھۆکار ھەبوون گران بووە، لەوانە کۆمپانیای دانەغاز کە ساڵی جارێک سیانە دەکرێت و ھۆکارێکی دیکەش ئەوەیە بەرھەمی غاز کەم بووە، بەڵام وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە ھەوڵدایە بەرھەم زیاد بکات و نرخی غاز لەوەی ئێستا هەرزانتریش دەبێت، بەڵام ھەندێک کاتی پێویستە و غاز بە گوێرەی دانیشتوان بەرھەم دێت و ھەر ھاووڵاتییەک بێ گرفت دەتوانێ غازی بۆ دابین بکرێت و کێشەکە یەکجاری چارەسەر دەکرێت، بۆ ئەوەی بە زوویی چارەسەر بکرێن، ھەندێک ھەنگاو نراون لەگەڵ پارێزگاکان، بۆ ئەوەی ئەو غازەی دابەش دەکرێت بە یەکسانی بەسەر ھەموو خەڵکدا دابەش بکرێت، بۆیە ھەندێک رێکار گیراونەتە بەر".

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "لەبارەی نرخی بەنزینیش، ھۆکاری گرانبوونی ئەوەیە کە ئەو رێککەوتنەی ھەرێم لەگەڵ بەغدا کردوویەتی، بەغدا پابەندی رێککەوتنەکە نەبووە، بەڵام بە ھەوڵی حکوومەتی ھەرێم ئەو کێشەیە چارەسەر بووە و ئەو رێککەوتنەی کراوە وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێت و ئیدی بەنزین بۆ ھەرێم دێت و ئێستاش بەردەوامە".

دەشڵێ: "بۆ نەوتی سپیش لە ھەرێمی کوردستان، لە ناوچە شاخاوییەکان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٤٥ ملیۆن لیتر نەوتی دابەش کردووە، بەڵام ھێشتا لەو ناوچانە تەواو نەبووە و ھەندێک سستی ھەیە، ھۆکارەکەشی ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق بەڵێنی خۆی نەبردووەتە سەر کە ٥٠ ملیۆن لیتر نەوت رەوانە بکات و حکوومەتی ھەرێم خۆی دابینی دەکات، چونکە بەغدا ھیچی نەناردووە، بۆیە حکوومەت لەسەر خەتە بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و ئێمەش لە کۆبوونەوەی داھاتوودا زیاتر زانیاریمان پێ دەدرێت".

ئەوەشی خستە ڕوو: "لەگەڵ بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت کۆبووینەوە و ھۆکاری ئامادەنەبوونی وەزیریش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە باری تەندورستیی باش نەبووە".


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە