سەبارەت بە ڕێکەوتنەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەندێک ووردەکاری ڕادەگەیندرێت
پەیامی کورد ... سەبارەت بە ڕێکەوتنەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەندێک ووردەکاری ڕادەگەیندرێت
سەعید مەمووزینی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ئەو رێککەوتنە شاندی دانووستکاری کورد لەگەڵ بەغدا کردوویەتی لەبارەی پرۆژە بوودجەی ٢٠٢١ رەزامەندی هەموو لایەنەکانی لەسەربوە و لەوبارەیەوە هیچ بۆچوونێکی جیاواز لەناو لایەنە سیاسییەکانی کورد نەبوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە سەعید مەمووزینی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندوە، ئەو رێککەوتنە شاندی دانووستکاری کورد لەگەڵ بەغدا کردوویەتی لەبارەی پرۆژە بوودجەی ٢٠٢١ بەرادەستکردنی بڕی دیاریکراوی نەوتیش کە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە لەگەڵ نیوەی داهاتی خاڵە سنوورییەکان رەزامەندی هەموو لایەنەکانی لەسەربووە و لەوبارەیەوە هیچ بۆچوونێکی جیاواز لەناو لایەنە سیاسییەکانی کورد نیە.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی راشیگەیاند، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم پەیوەندی بە حکوومەتی فیدڕاڵییەوە هەیە کە بەشە بوودجەی هەرێمی نەناردوە، چوونکە هەرێم بەتەواوەتی پابەندبوە بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر بەغدا.
لەبارەی دەنگۆی بوونی بۆچوونی جیاواز لەسەر رادەستکردنی نەوت بەبەغدا، پەرلەمانتارەکەی پارتی ووتیشی، ئەوە هەوڵی هەندێک راگەیاند و لایەنە بۆ درووستکردنی کێشە بۆ دانووستانەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان.
رۆژی ٢٢-ی مانگی رابردوو، دوای گەڕانەوەیان لەبەغدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەسەر بوودجەی گشتی ٢٠٢١ی عێراق لەگەڵ حکوومەتی عێراق رێککەوتوون و ١٢.٦٧% وەک بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان جێگیرکراوەتەوە لەبەرامبەر رادەستکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، "ئێستا چاوەڕێین رێککەوتنەکە لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێنرێ و جێبەجێ بکرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا باسیان لەرادەستکردنی داهاتی نەوت و ٥٠%ی داهاتی ناوخۆ کردووە بەگوێرەی یاسای کورتهێنانی دارایی و ئامادەییان دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە، بۆیە لەئێستادا چاوەڕێن حکوومەتی عێراق ئاگاداریان بکاتەوە کەبەرامبەر پابەندبونی هەرێم بەیاساکە، لەسێ مانگی کۆتایی ئەمساڵدا چەند بوودجە رەوانەی هەرێم دەکات و ئومێدەوارن پێش کۆتایی ئەم مانگە پشکی کوردستان بەگوێرەی یاسای قەرز رەوانەبکرێت.
پەیوەست بەپشکی هەرێم لە پڕۆژەی بوودجەش جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ئەوەی خستەڕو، "بەگوێرەی پێشبینی ئێمە پشكی هەرێم کەمترە لەو رێژەیەی ئێمە بە حەقی خۆمانی دەزانین، بەڵام ئەوە پرۆسەیەکە چەندین ساڵە بەردەوامی هەیە کە پشكی هەرێم بەرێژەی ١٢.٦٧% لەبوودجە دیاریکراوە، لەکاتێکدا ساڵانی پێشووتر رێژەکە بە ١٧% دیاریکرابوو".
دواتریش لەلێدوانێکی دیکەی رۆژنامەوانیدا، قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە کە پابەندن بە رادەستکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە