سەدر سەبارەت بە گرووپی تێرۆریستی داعش لە ڕۆژئاوای کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە

پەیامی کورد     ...    سەدر سەبارەت بە گرووپی تێرۆریستی داعش لە ڕۆژئاوای کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە

دەربارەى هێرشەکەى چەند ڕۆژى ڕابردوو گرووپی تیرۆریستى داعش بۆ سەر زیندانى حەسەکە کە نزیکەى ٥٠٠٠ داعشى تێدایە، ڕێبەرى ڕەوتى سەدر ئاماژەی بەوە کرد "هەندێک، مەترسییەکانى تیرۆر گەورە دەکەن بۆ ئەوەى تۆوى مەترسی و تائیفی زیاتر بچێنن".

لە ڕێگەى هەژمارى تایبەتى خۆی لە تۆڕی تویتەر، موقتەدا سەدر نووسیویەتى "دوژمنى تیرۆریست وا بڵاوی دەکاتەوە کەوا دێت، کێشەى گەورە ئەوەیە هەندێک بابەتەکە زۆر گەورەتر دەکەن بۆ ئەوەى ترس و تۆقین و تائیفی لە نێو گەلى عێراقی بڵاو بکەنەوە، تا نیشانی بدەن ئەوان پارێزەری زەوی و نامووسن".

جەختى لەوەش کردەوە "ئێمە ئامادەین پاڵپشتى هێزە ئەمنییەکان بکەین بۆ بەڕەنگاربوونەوەى هەر مەترسییەکى چاوەڕوانکراو"، داواشى کردووە "حکوومەت دەبێت تواناى سوپاى عێراق بەهێز بکات کە ئەرکی پاراستنى عێراقی لەسەرشانە".

قسەکانى ڕێبەرى ڕەوتى سەدر، هێمایەک بوو بۆ گرووپە میلیشیاکان کە هەمیشە هێرشەکانى داعشیان کردووەتە بیانوو بۆ فراوانکردنى دەسەڵات و هێزە سەربازییەکانیان لەسەر حیسابی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانى دەوڵەت. لە هەمان کاتدا جومعە عیناد، وەزیرى بەرگرى حکوومەتى بەغدا ڕایگەیاند سنووری هاوبەشى ووڵاتەکەى لەگەڵ سووریا بە شێوەیەکى تۆکمە کۆنترۆڵ کراوە و بە ووردی چاودێری ڕووداوەکەى گرتووخانەى حەسەکە دەکەن و دووپاتیشی کردەوە "ڕەوشەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە".

لە ڕاگەیندراوێکدا وەزیرى بەرگرى عێراق باسى لەوە کرد "دەوڵەت هەموو کەرستەى پێویستى لەبەردەستە بۆ چارەسەرکردنى درزە ئەمنییەکان" و لە لایەن خۆشیەوە یەحیا ڕەسوول ووتەبێژى فەرماندەى گشتی هێزە چەکدارەکانى عێراق ووتى "سنوورى عێراق ـ سووریا بە تەواوی کۆنترۆڵ کراوە".

بە ووتەى ڕەسووڵ "چەندین فەرمان لەلایەن فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان دەرچووە بۆ پتەوکردنى هەوڵە ئەمنییەکانى سنوور لەگەڵ سووریا"، ئەو فەرمانانەش بە هۆى ڕووداوەکانى چەند ڕۆژى ڕابردووی هێرشی سەر گرتووخانەى حەسەکە بووە، کە لەلایەن چەکدارانى داعش کرا و لە لایەن هێزەکانى سووریاى دیموکرات " هەسەدە " بەرپەرچ درانەوە.

بەرپرسە ئەمنییەکەى بەغدا هێماى بەوەش داوە "هێزەکانیان لە ئامادەبەشییەکی بەرزدان بۆ بەڕەنگاربوونەوەى پاشماوەکانى داعش گەر هاتنە نێو خاکی عێراق"، ئاشکراشی کردووە "سنوور بە کامێرای پێشکەوتوو کۆنترۆڵ کراوە و هەر درزێک بکەوێتە نێو سنوور دەستبەجێ ئاشکرا دەبێت".


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە