سەركونسووڵی ڕووسیا : پەیوەندی مێژوویی گەلی كوردستان و ڕووسیا بەردەوام دەبێت
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشوازی لە كۆنسووڵی گشتیی ڕووسیا (ئۆلێگ لیڤین) و شاندی یاوەری كرد و لە دیدارێكدا كۆنسووڵی گشتی ڕووسیا رایگەیاند: "پەیوەندی مێژوویی گەلی كوردستان و ڕووسیا بەردەوام دەبێت و داهاتوویەكی باشتر و پەیوەندییەكی بەهێزتر بۆنیاد دەنێین".
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی بەشداری نەتەوە یەكگرتووەكان و ووڵاتانی ئەندامی كرد لە چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق.
لەو دیدارەدا، باس لە پرۆسەی هەڵبژاردن و بەشداری پارتە سیاسی و پێكهاتەكان بە گشت لە عێراق كرا، لەگەڵ ئەوەی بەشداریی دەنگدەران لە ئاستی پێویست و تموح و پێداویستیی قوناغەكەدا نەبوو، بۆ ئەوەش هۆكارگەلێك هەن كە دەبێت هەڵوەستە و دیراسە بكرێت تاكوو لە داهاتوودا خەڵك بەشداری كاراتری هەبێت لە پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی ووڵاتدا.
بەشێكی دیكەی ئەو دانیشتنە، پەیوەست بە باردۆخی ئێستای ناوچەكە و دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكان بوو، كە ڕووبەڕووی عێراق و سووریا ووڵاتانی دیكە بووەتەوە. بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە جەختی لە گرینگی هەماهەنگی و بەشداریی تەواوی پێكهاتەكان كردەوە لە دەستنیشانكردنی داهاتوویەكی باشتر و سەقامگیری بەردەوام، كە ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ ناوچەكە فەراهەم بكات.
سیوەیلی، ئاماژەی بە سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و پارتی دیموكراتی كوردستان كرد و ڕایگەیاند، پارتی ئامانجێتی كە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە یەكدەنگی بچنە پرۆسەی دانووستان لەگەڵ بەغدا، بۆ ئەوەی بتوانن مافە دەستووری و سیاسەتەكانی گەلی كوردستان زامن بكەن.
دەربارەی حكوومەتی داهاتووی عیراقی فیدراڵیش ووتی، سەرەتا دەبێت ئەنجامەكان لەلایەن دادگای باڵاوە پەسەند بكرێن و كوتلەیەك ڕابسپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی داهاتوو، ئەمەش پێویستی بە گفتوگۆ و دانوستانی چڕ هەیە كە تێگەیشتنێكی باش درووست بێت كە ببێتە مایەی سەقامگیری و حكوومەتێكی بەهێز و گوتیشی: "بەشداری و پاڵپشتی ئێمە لە حكوومەتی داهاتوو، پەیوەستە بە پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان".
(ئۆلێگ لیڤین) سەركۆنسووڵی گشتی ڕووسیا، سوپاسی پێشوازی و هەماهەنگی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد لەگەڵ كۆنسووڵخانەی ڕووسیای فیدراڵ و، باسی لە پەیوەندیی مێژووی گەلی كوردستان و ڕووسیا كرد و ڕایگەیاند: "ئێمە لێرەین بۆئەوەی داهاتوویەكی باشتر و پەیوەندییەكی بەهێزتر بنیاد بنێین، كە لە ئاستی تموح و بەرژەوەندییەكانی هەردوولادا بێت".
(لیڤین) جەختی لەوە كردەوە، كە ڕووسیای فیدراڵ ڕێز لە خواست و خەباتی گەلی كوردستان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەگرێت بۆ بەدەستهێنانی مافە سیاسی و یاساییەكانیان لە چوارچێوەی سنووری ئەو وڵاتانەی كە بەشێكن لێی و نابێت گەلی كوردستان چیدیكە بچەوسێندرێنەوە و مافەكانیان لێ زەوت بكرێت.
سەركۆنسووڵی ڕووسیا هیوای خواست كە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ببێتە مایەی سەقامگیریی زیاتر و پەیوەندیی بەهێزتر لە نێوان پێكهاتە و لایەنە سیاسییەكان بە گشتی و هەولێر و بەغدا بە تایبەتی، كە كلیلی بەردەمی سەقامگیری عێراقە، حكوومەتی وڵاتەكەشی ئامادەی هاوكاریو زیاتر و پەیوەندی بەهێزترە لە هەموو بوارەكاندا بۆ ئەوەی بتوانن سوود بە دانیشتووانی هەردوو ووڵات بگەیەنن.
هەروەها ڕاشیگەیاند، ڕووسیای فیدراڵ ساڵانە چەندین كورسی خوێندن بۆ هەرێمی كوردستان دابین دەكات، بۆ ئەوەی قوتابیانی هەرێم بچن لە زانكۆكانی ڕووسیا بخوێنن و بتوانن ببنە پردێكی بەهێزتر لە نێوان هەردوو گەلدا.
لە كۆتایی دانیشتنەكەدا، جەخت لە گرینگی هەماهەنگی و بەردەوامیی ئەو دایدار و كۆبوونەوانە كرایەوە، تاكوو لە نزیكەوە ئاگاداری گۆڕانكاری و پێداویستییەكانی یەكتر بن بە ئامانجی پێشخستن و خزمەتی زیاتر لە تەواوی بوارەكانی ژیاندا بۆ گەلی كوردستان و گەلی ڕووسیای فیدراڵ.
ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە