سەرچاوەکانی هەواڵ : سوپای یەمەن دەستی بەسەر کەشتییەکی دیکەی سەر بە ئیسرائیلی یەکاندا گرت

پەیامی کورد  ...  سەرچاوەکانی هەواڵ : سوپای یەمەن دەستی بەسەر کەشتییەکی دیکەی سەر بە ئیسرائیلی یەکاندا گرت

میدیا و سەرچاوەکانی هەواڵی عیبری زمان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هێزە دەریایی یەکانی یەمەن دەستیان بەسەر کەشتییەکی دیکەی سەر بە ئیسرائیلییەکاندا گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتێک ، میدیای عیبری لە نێویاندا یەدیعووت ئاهارونووت، ڕایانگەیاندووە کە هێزی دەریایی یەمەن دەستی بەسەر کەشتییەکی دیکەدا گرتووە بە ناوی پارکی ناوەندی کە سەر بە بازرگانێکی ئیسرائیلییە بە ناوی "ئەیال ئۆفەر".

بە پێی ئەم هەواڵە میدیایانە، ئەم کەشتییە لە ژێر ئاڵای لیبێریادا دەڕۆیشت.

لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیای ئاسایشی دەریایی ئەمبری بانگەشەی کردووە کە هەندێک هێز چوونەتە ناو کەشتییەکی نەوتهەڵگری پەیوەندیدار بە ئیسرائیلەوە لە ناوچەکانی بەرامبەر کەناراوەکانی یەمەن.

هەروەها ناوەندی ئۆپراسیۆنە بازرگانییەکانی بەریتانیا (UKMTO) ئەگەری هێرشێکی دیکەی بۆ سەر کەشتییە بیانییەکان (پێدەچێت ئیسرائیلییەکان) لە ئاوەکانی باشووری ڕۆژئاوای عەدەن بڵاوکردەوە.

ئەگەر ئەم هەواڵە ڕاست بێت، ئەوە چوارەم کەشتی ئیسرائیلییە کە لەلایەن میحوەری بەرخۆدانەوە هێرش دەکرێتە سەر یان دەستی بەسەردا بگیرێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە هێزە چەکدارەکانی یەمەن هێشتا کاردانەوەیان بەرامبەر بەم هەواڵە گوماناوییە لە میدیای عیبری و سەرچاوە ڕۆژئاواییەکانەوە نەبووە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی سەربازی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چەند چەکدارێکی نەناسراو دەستیان بەسەر کەشتییەکدا گرتووە لە کەنداوی عەدەن.


ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە