سەرکردەیەکی دیاری سیاسی عێراقی : بڕیارەکانی ئەم دواییانەی دادگا لە دەرەوە دەھێندرێن و ئەوان چاویان بە پێشکەوتنەکانی کوردستان ھەڵنایەت

پەیامی کورد     ...     سەرکردەیەکی دیاری سیاسی عێراقی : بڕیارەکانی ئەم دواییانەی دادگا لە دەرەوە دەھێندرێن و ئەوان چاویان بە پێشکەوتنەکانی کوردستان ھەڵنایەت

سەرکردەیەکی دیاری سیاسی عێراقی، میسال ئالووسی، دەڵێت، ھەموومان دەزانین بڕیارەکانی ئەم دواییانەی دادگا لە دەرەوە دەھێنن و ئەوان چاویان بە پێشکەوتنەکانی کوردستان ھەڵنایەت و دەیانەوێت ئەو سەقامگیرییەی لە کوردستان ھەیە بیشێوێنن. 

میسال ئالووسی، ڕایگەیاند : "ئەو پێشکەووتن و بەرەو پێشچوونە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و وەبەرھێنانه‌ی کوردستان بەخۆیەوە بینیووە لە ھیچ شوێنێکی ئەم ناوچەیە بوونی نییە و دەیانەوێت ئەم ھەموو شتانە تێکبدەن". 

ئالووسی دەشڵێ: "ئەگەر ئەوان ھەست بەوە بکەن دەست بەسەر ھەرێمی کوردستان دابگرن، ئەمە دەبێتە خاڵی سەرکەوتنی دەوڵەتی عێراقی، ئەمە تێروانینێکی زۆر ھەڵەیە و دەبێت ئەوان باش بەخۆییاندا بچنەوە، چوونکە دەبێت ئەوان باش لەوە تێبگەن سەرکەوتنی ھەرێمی کوردستان سەرکەوتنی حکوومەتی عێراقە، ھەروەھا دەست بەسەر داگرتن و نادەستووریکردنی نەوت و جووڵانەوەی میلیشاکان دژی ھەرێمی کوردستان و بۆردوومانکردنی فرۆکەخانەی ھەولێر ئەمە ڕادەستکردنی عێراقە بۆ میلیشیاکان و ئایندەی عێراقیش بەرەو تونێلێکی تاریک دەبات".

"ئەم بڕیارە خۆی لە خۆییدا ترسێکە لە سەرکەوتنی پارتی و سەرۆک بارزانی لە ھەڵبژاردندا، چوونکە دەزانن ئەوان پشتیوانی مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و ھەندێکیش لەو سەرکەوتنەی پارتی دەترسن و دەیانەوێت پارتی دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی کوردستان بێت و، ترسێکی دیکەش ئەوەییە لەو سێ کۆچکەی ھاوپەیمانی بارزانی و سەدری و (حەلبووسی و خەنجەر) دەترسن، چوونکە دەزانن ئەمانە پڕۆژەی چاکسازی و بەڕێوەبردنی ووڵاتیان پێیە و دەتوانن سەروەری بۆ خاکی عێراق بگەڕێننەوە، بۆیەش بە ھەموو شێوەییەک دەیانەوێت لە ھەموو ڕێگایەکەوە گورز لە ھەرێمی کوردستان بدەن'' ئالووسی وای دەڵێ.

ناوبراو جەختیش دەکاتەوە: "بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بە نادەستووری کردنی نەوت و گاز ئەمە بڕیارێکی ھەڵەیە، چوونکە پەرلەمانی کوردستان مافی ئەوەی ھەیە ھەموو بڕیارێک بە نەوت و گازی خۆی بدات و ڕێز لە دامەزراوەکانی کوردستان ناگرن و دەیانەوێت گەلی کورد بچەوسێننەوە و کورد ھاووڵاتی پلە دووەم بێت لە عێراق و بە ھەموو شێوەییەک دەیانەوێت سەرکووت بکرێن و دەستیان لە ھیچ بڕیارێک دانەبێ و ھیچ بڕیارێکیش لەم بڕیارە خراپتر نییە، ئەمە تەواو ھاوشێوەی بڕیارەکانی سەددام حوسێنە بۆ سەرکوتکردنی کورد". 

میسال ئالووسی، لە کۆتایشدا ووتی: "ئەم بڕیارانە بەردەوام بن دەبنە ھۆی پشێوی لە عێراق، چوونکە عێراق خۆی ئارام نییە، بەڵکوو ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ئارام و بە بێ میلیشیات و لە ژیانێکی سەقامگیردا و بەھەزاران خەڵک بە دڵێکی ئارام ژیانیان بەسەردەبەن".


ئەم بابەتە 11996 جار خوێندراوەتەوە