سەرکردەیەکی سوننە: ھەولێر شوێنی یەکلاییکردنەوەی پێکھێنانی حکوومەتی عێراقە
پەیامی کورد ... سەرکردەیەکی سوننە: ھەولێر شوێنی یەکلاییکردنەوەی پێکھێنانی حکوومەتی عێراقە
سەرکردەیەکی سوننەکان دەڵێت، پێویستە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و ھەموو لایەنەکان ڕێز لە ڕای خەڵک بگرن و بە بەشی خۆیان ڕازی بن و ئەنجامەکان قبووڵ بکەن و کوردیش ڕۆڵێکی سەرەکی دەبێت لە پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و ھەمیشە ھەولێر شوێنی یەکلاکردنەوەی پرسی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بووە.
دکتۆر عەلا مەکی، سەرکردەی سوننەکان، ڕایگەیاند : ''پرۆسیە سیاسی لە عێراق کەم و کووڕیی زۆرە و لە ٢٠٠٣ـوە تا ئێستا ئێمە بە چاوی خۆمان دەیبینین، بۆیە پێویستە شەفافیەت ھەبێت، کە کەمە و بگرە نیشە، لە ھەڵبژاردنی ئەم جارەدا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕێگەی بە خەڵک دا خۆیان بڕیار بدەن و خۆیشیان چاودێریی ھەڵبژاردنەکەیان کرد، بۆیە ئەم جارە خەڵک بڕیاری خۆی دا و لایەنی خۆی دیاری کرد و پێویستە ھەموو لایەنەکان ئەنجامەکان قبووڵ بکەن و بە بەشی خۆیان ڕازی بن، بۆ ئەوەی دیموکراسیەت ھەبێت لە عێراق.''
دکتۆر عەلا مەکی ووتیشی: ''پێویستە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەتی عێراق و ناکرێت دوا بخرێت و کوردیش ڕۆڵێکی سەرەکی دەبێت لەو حکوومەتە و ناکرێت پشتگوێ بخرێت، چونکە نوێنەرایەتی گەلی کورد دەکات و پێویستە ئەم جارە بۆ حکوومەتی نوێ کەسانی تەکنۆکرات دابنرێن''.
مەکی باسی لەوەش کرد: ''ھەڵوێستی ھەرێمی کوردستان ئیجابییە و ئێمە شانازی بە کورد دەکەین و لەناویاندا بووین و خەونێکی زۆر باشیان ھەیە بۆ پرۆسەی سیاسی و پێکھێنانی حکوومەتی تازە و زۆریش ڕاشکاون و ھەر شتێکیان ھەبێت بەئاشکرا باسی دەکەن، نەک شتێک بڵێن و دواتر لێی پەشیمان ببنەوە.''
ووتیشی: ''ھەولێر لەو سەردەمەوە کە مالیکی بووەتە سەرۆکوەزیران تا ئێستا شوێنی یەکلاکردنەوەی پرسی پێکھێنانی حکوومەتەکانی عێراقە و ھەمیشە ڕۆڵێکی گەورە و ئیجابی ھەیە و بووەتە ناوەندێک بۆ یەکلاییکردنەوەی پێکھێنانی حکوومەت.''
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە