سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری لە دیدار لەگەڵ باڵیۆز و بەرپرسی نوێنەرایەتی یەكێتی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان دەربارەی دۆسیەی سزادراوانی بادینان لێدوانی نوێ بڵاو دەکاتەوە
پەیامی کورد ... سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری لە دیدار لەگەڵ باڵیۆز و بەرپرسی نوێنەرایەتی یەكێتی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان دەربارەی دۆسیەی سزادراوانی بادینان لێدوانی نوێ بڵاو دەکاتەوەسەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەرچەندە دۆسیەی حۆكمدراوەكانی بادینان، بەپێی رێكارو میكانیزمە یاساییەكانی خۆی قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ كراوە تا گەیشتوەتە دادگای پێداچوونەوە، بەڵام لەئێستادا دۆسیەکە لە قۆناغی راستكردنەوەی بڕیاری دادگای تەمیزدایە.
بەنگین قاسم، سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستانیان لەگەڵ مارتین هۆس باڵیۆزی یەكێتی ئەورووپا لە عێراق و ڤەنسەن گیوم پۆپۆ بەرپرسی نوێنەرایەتی یەكێتی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان کۆبوەوە و لەبارەی دۆسیەی سزادراوانی بادینان گفتوگۆیان کردوە.
ئەنجوومەنی دادوەری لەبارەی ناوەڕۆکی دیدارەکە بڵاویکردەوە، باڵیۆزی یەكێتی ئەورووپا رایگەیاندوە بە گرینگییەوە دەڕواننە هەوڵەكانی هەرێم بۆ چەسپاندنی یاساو پاراستنی مافەكانی مرۆڤ.
لای خۆیەوە سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری ئاماژەی بەوەکردوە، " دۆسیەی حۆكمدراوەكانی بادینان، بەپێی رێكارو میكانیزمە یاساییەكانی خۆی، قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ كراوە تا گەیشتۆتە دادگای پێداچونەوە، لەئێستاشدا دۆسیەی حۆكمدراوانی بادینان لە قۆناغی (راستكردنەوەی بڕیاری دادگای تەمییز)دایە".
ئەوەشی خستوەتەڕوو، "ئێمە وەك ئەنجوومەنی دادوەری و دادگای پێداچوونەوە، بە شێوەیەكی بێ لایەنانە كار دەكەین، خوازیارین ئەم بابەتانە بە ئاڕاستەی سیاسی یان بابەتی راگەیاندن نەبردرێن".
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە