سەرۆكی شارەوانی قارس داوای پێکهێنان و درووست کردنی پارتێکی نوێ لە تورکیا دەکات

پەیامی کورد     ...    سەرۆكی شارەوانی قارس داوای پێکهێنان و درووست کردنی پارتێکی نوێ لە تورکیا دەکات

ئایهان بیلگەن سەرۆكی شارەوانی قارس لەسەر لیستی HDP، كە ئێستادا بە تۆمەتی ئەندام بوون لە پەكەكە دەستبەسەر كراوە، لە نووسینێكدا داوا دەكات پارتێكی نوێ لە توركیا درووست ببێت و دەڵێت پێویستمان بە فیكرێكی تر و ئایدئۆلۆژیایەکی ترە. HDPش دەڵێت هیوادارین بیرۆكەكانی بیلگەن سوودی بۆ دەسەڵات نەبێت.

بیلگەن لە ١٨ی١ی٢٠٢١ لە پێگەی خۆی لە تویتەر نووسیبووی "توركیا پێویستی بە شێواز و بیرۆكەیەكی ترە، بۆ ئەمەشیان پێویستە زەمینە بۆ كۆكردنەوەی بیرۆكەكان درووست ببێت. ئەگەریش هەیە بۆ ئەمەیان پارتێكی تازە لەدایك ببێت".

بەهۆی ئەوەی ماوەیەكی زۆرە بیلگەن رەخنەی زۆر لە سەركردایەتی HDP دەگرێت و نێوانیان باش نییە، HDP پێیوایە بیلگەن بە نیازی پارتێكی ترە.

هاوکات چەند سەرچاوەیەكی میدیایی باسیان لەوە کردووە بیلگەن لە زیندان بە چەند هاوڕێیەكی خۆی گوتووە بەنیازی درووستکردنی پارتێكی تازەیە.

ساروحان ڤۆلووچ، سەرۆكی فڕاكسیۆنی HDP لەناو پەرلەمانی توركیا، قسەی بۆ بەشی تورکی ئاژانسی (BBC)ی كردووە و دەڵێت: "ئەو بیرۆكانەی بیلگەن باسی دەكات، ئێمە پێشوازی لێ دەكەین، ماوەیەكی زۆریشە لەناو HDPدا باس لە بیرۆكەی تازە دەكرێت بۆ چۆنیەتی سیاسەتكردن، بۆیە HDP لە لایەن دەسەڵاتەوە دەكرێتە ئامانج".

باسی لەوەش كردووە رەخنەكانی بیلگەن هێز دەداتە HDP و گەورەتری دەكات، بەڵام ئەگەر بەنیازی جیابوونەوە بێت، هیوادارین بیرۆكەكانی نەچێتە خزمەتی دەسەڵاتەوە.

بیلگەن پیشتر لەگەڵ ئەوەدا نەبوو، HDP بڵێت پارتێكی توركیاییم و دەیگوت پێویستە بڵێت پارتی كوردیم، چونكە دەبێت كار بۆ خزمەتكردنی كورد بكات نەك تورك.

بۆیە بە گوێرەی شرۆڤەی چەند سیاسەتوانێک بەهۆی ئەوەی بیلگەن ئایدئۆلۆژیایەكی ئایینی هەیە، بۆیە ئەگەر زۆرە بە درووستكردنی پارتێكی تازە، دەنگی كوردە موحافیزكارەكان بۆ لای خۆی رابكێشێت.

بەڵام بەشێكیش پێیانوایە، بیلگەن ناتوانێت ببێتە ركابەری HDP و دەنگەكانی زۆر سنووردار دەبێت.

AKP بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە بیلگەن دەكات بۆ درووستكردنی پارتێكی تازە، چوونكە بیلگەن تاكە پارت دەنگی لێ ببات HDPیە، ئەمەش لە بەرژەوەندی AKPیە.


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە