سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مارشاڵ سامی سامپسۆن كۆبووەوە
پەیامی کورد ... سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مارشاڵ سامی سامپسۆن كۆبووەوە
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ڕاوێژكاری بەرگری بەریتانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا كرد، هەردوولا هاوڕا بوون كە تیرۆر هێشتا مەترسییەكی ڕاستەقینەیە و هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری تەناهی عێراق دەكات.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 2023/11/22 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە مارشاڵ سامی سامپسۆن گەورە ڕاوێژكاری بەرگری بەریتانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا و شاندێكی سەربازی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا دوایین پێشهاتەكان و ئەگەر و لێكەوتەكانی شەڕیان لە غەززە تاوتوێ كرد. لەمبارەیەوە نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە تەشەنەسەندنی دۆخەكە مەترسی لەسەر تەواوی ناوچەكە درووست دەكات، بۆیە پێوستە عێراق بە هەموو شێوەیەك خۆی لە شەڕ بەدوور بگرێت، چوونكە شەڕ هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكات و تەنیا ئاشتی چارەسەرە.
دەربارەی دۆخی سیاسی عێراقیش هەردوولا هاوڕا بوون كە پێویستە ئارامی و سەقامگیری سیاسی و ئەمنی عێراق بپارێزرێت و هەموو لایەك دەبێ بەرپرسیارانە ڕەفتار بكەن و جەختیان لە پێویستی پاراستنی هێزەكانی هاوپەیمانان و نێردە دیپلۆماتییەكان لە هەر جۆرە هەڕەشەیەك لە عێراق كردەوە.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەردوولا هاوڕا بوون كە تیرۆر هێشتا مەترسییەكی ڕاستەقینەیە و هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ئەمنی عێراق دەكات، بۆیە عێراق و هەرێمی كوردستان هێشتا پێویستییان بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە بۆ لەناوبردنی یەكجارەكی داعش. لەمبارەیەوە سامپسۆن بەردەوامی پابەندی بەریتانیای لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.
دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو. لەمبارەیەوە هەردوولا دوایین كۆبوونەوە و دیدارەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستانیان بە پێشهاتێكی ئەرێنی هەڵسەنگاند.
ئەم بابەتە 11983 جار خوێندراوەتەوە