سەرۆك بارزانی لەگەڵ جەماوەر و چین وتوێژەكانی قەزای بەردەڕەش كۆبوەوە

پەیامی کورد   ...  سەرۆك بارزانی لەگەڵ جەماوەر و چین وتووێژەكانی قەزای بەردەڕەش كۆبوەوە

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە 23ی ئابی 2023 سەرۆك مەسعوود بارزانی سەردانی قەزای بەردەڕەشی كرد و لەگەڵ جەماوەر و چین وتووێژەكانی ئەو دەڤەرە كۆبووەوە .

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی ووتارێكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و لە ووتەكەیدا تیشكی خستەسەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و جەختی لەوە كردەوە كە سەركەوتن لە یەكبوون دایە و لە هەوڵەكانی بۆ بەدیهاتنی یەكڕیزی لەسەر بابەتە نیشتیمانی و نەتەوەییەكان بەردەوام دەبێت. هەر پەیوەست بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێم سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند : نابێ لایەنەكان بكەونە سەر ڕێگەیەك كە بۆ درووستكردنی كێشە بۆ پارتی یاری بە بابەتە نەتەوەییەكان بكەن و كار بۆ لاوازكردنی هەرێم بكەن. چوونكە كوردستان لەسەرووی پارتی و لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی ترە. هەروەها ئەوەشی بۆ ئامادەبووان شی كردەوە كە هەڵبژاردن سەنگی مەحەكە بۆ حوكمڕانی و پێگەی لایەنەكان و دەبێ لەو ڕێگەیەوە لایەنەكان متمانەی گەل وەربگرن .

 سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ دا و ئەوەی خستەڕوو كە حكوومەتی تازەی عێراق لەسەر بنەمای كۆمەڵێك ڕێككەوتن و پڕەنسیپەكانی شەراكەت و تەوازون و تەوافوق دامەزراوە بەڵام بەداخەوە هێشتا نیەتی خراپی پشتگوێ خستنی ڕێككەوتنەكان هەر ماوە. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە پشتگیری سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ سوودانی دەكەین بۆ ئەوەی بتوانێ ئەو ڕێككەوتنانە جێبەجێ بكات و ڕێگری لێ نەكرێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا دەرگەی گفتوگۆ بۆ ئامادەبوان كرایەوە و سەرۆك بارزانی ووڵامی پرسیار و تێبینییەكانی ئامادەبوانی كۆبوونەوەكەی دایەوە و ئەوەشی خستەڕوو كە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرباری بوونی گرفت و قەیران ئەوەی لە توانایدا بووە بۆ خزمەتكردنی خەڵك كردوویەتی و لە هەوڵی ئەوە دابووە سەرچاوەكانی تری داهات بە تایبەتی لە بواری كشتوكاڵ و گەشت و گوزار بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكات.


ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە