سەرۆك بارزانی لەگەڵ زانایانی ئایینی و كەسایەتی و ڕیش سپیان و كاسبكارانی دهۆك كۆبوەوە
پەیامی کورد ... سەرۆك بارزانی لەگەڵ زانایانی ئایینی و كەسایەتی و ڕیشسپیان و كاسبكارانی دهۆك كۆبوەوە
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 21ی ئابی 2023 لە شاری دهۆك سەرۆك بارزانی لەگەڵ زانایانی ئایینی و كەسایەتی و ڕیش سپی و كاسبكارانی دهۆك كۆبۆوە
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی وووتەیەكی پێشكەش كرد و لە سەرەتای قسەكانیدا تیشكی خستەسەر بارودۆخی سیاسی هەرێم و ڕایگەیاند كە هەمیشە كاری بۆ ئەوە كردووە و خوازیارە كە یەكبوون و یەكڕیزی لەناو لایەنە سیاسی یەكاندا هەبێت چوونكە سەركەوتن لە یەكبوون دایە. بەڵام مەرجی سەرەكی یەكبوون، بڕوابوونی هەموو لایەكە بە سەرفیرازی گەلی كوردستان و دۆزە ڕەواكەی. سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی هەوڵدان بۆ لەناوبردن و پەراوێزخستنی گەلی كوردستان لە لایەن دەوڵەتی عێراق لە سەدەی ڕابردوو، باسی لەوە كرد كە دوای 2003 دەرفەتێكی باش هاتە ئاراوە بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای شەراكەت و تەوازون و ڕێکەوتن و پابەندبوون بە دەستوور كێشەكان چارەسەر بكرێن بەڵام جێگەی داخە كە هەتا ئێستاش ڕێز لە دەستوور و ڕێككەوتنەكان ناگیرێت و لەڕێگەی دەسكاریكردنی یاساكان هەندێ هەوڵ لەئارادان بۆ لاوازكردن یان نەهێشتنی هەرێمی كوردستان. ڕاشیگەیاند ئیدی ئەو ڕۆژە نەما كەسێك بتوانێ كار بۆ نەهێشتنی كیانی هەرێمی كوردستان بكات كە بەرهەمی خەباتی گەلی كوردستانە.
سەرۆك بارزانی ئەوەشی بۆ ئامادەبوان شیكردەوە كە پێویستە گەلی كوردستان پشت بەخۆی و تواناکانی ببەستێت و بۆ ئەو مەبەستەش حكوومەتی هەرێم لە بەرنامەیدایە كە سەرچاوەكانی داهات لە هەرێمی كوردستان فراوانتر بكات و دەرفەتی كار بۆ گەنجان بڕەخسێنێت.
لەدرێژەی گوتەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی لەو تەوژمە دوژمنكارییە كرد كە بەنیازی بڵاوكردنەوەی نائومێدی و نەهێشتنی هەستی نیشتیمانپەروەری و هەروەها مەترسی بڵاوكردنەوەی ماددەی هۆشبەرن لەناو خەڵكدا.
پەیوەست بەو باسەوە سەرۆك بارزانی داوای لە زانایانی ئایینی و مامۆستایان كرد كە كار بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری نەتەوەیی و نیشتیمانی و قووڵتركردنی بنەماكانی پێكەوەژیانی سیاسی و ئایینی و كۆمەڵایەتی و دینداری ڕاستەقینە و ڕووبەڕووبوونەوەی هزری تووندڕەوی بكەن.
لەبەشی كۆتایی كۆبوونەوەكەدا دەرگەی گفتوگۆ كرایەوە و سەرۆك بارزانی ووڵامی پرسیار و پێشنیاری ئامادەبوانی كۆبوونەوەكەی دایەوە.
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە