سەرۆك بارزانی لەگەڵ کادیرانی پێشکەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەڤەری بادینان کۆبووەوە
پەیامی کورد ... سەرۆك بارزانی لەگەڵ کادیرانی پێشکەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەڤەری بادینان کۆبووەوە
ئێوارەی ڕۆژی شەممە 19ی ئابی 2023 لە شاری دهۆك، سەرۆك مەسعوود بارزانی لەگەڵ کادیرانی پێشکەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەڤەری بادینان کۆبووەوە. لەو كۆبوونەوەیەدا كە بە مەبەستی ڕاگۆڕینەوە لەمەڕ كێشەكانی هاووڵاتیان و ئاگاداربوون لە ڕەوشی ڕێكخستنە حزبیەكان و بەدواداچوونی ئەنجامەكانی كۆنگرەی 14ی پارتی ڕێكخرابوو، سەرۆك بارزانی ووتەیەكی پێشكەشی ئامادەبوان كرد.
لە ووتەكەیدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستەسەر بارودۆخی حزب و بڕیارەكانی كۆنگرەی 14ی پارتی و هەورەها بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و كۆسپەكان لە قۆناغی ئێستا و داهاتوو. سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە لە بابەتی هەڵبژاردندا پارتی هەر لەدوای ڕاپەڕین دەستپێشخەر بووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و گواستنەوە لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی دەستووری، جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە بەرەو هەڵبژاردن بچین و دەبێ پارتی متمانەی گەل بپارێزێت. ئەوەشی خستەڕوو كە هەر كەس و لایەنێك پەرۆشی بەرژەوەندییەكانی كوردستان بێت هەرگیز كۆسپ بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن درووست ناكات.
سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپات كردەوە كە دەبێ لایەنە سیاسییەكان سەرباری جیاوازی بۆچوونیان لەسەر هێڵە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكان و پاراستنی قەوارەی هەرێم كۆك و هاوڕا بن.
سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا تیشکی خستەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ و كورتەیەكی لە مێژووی ئەو پەیوەندییە لە بیست ساڵی ڕابردوودا باس كرد و جەختی لەوە كردەوە كە بۆ ئەوەی عێراق بتوانێ سەقامگیر بێت دەبێ هەموو لایەك ڕەچاوی پابەندبوون بە دەستوور و پڕەنسیپەكانی شەراكەت و هاوسەنگی و تەوافوق بكەن.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی داوای كرد كە كار بۆ قووڵتركردنی هەستی نیشتیمانپەروەری لەناو گەنجەكان و هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان لەمەڕ هەڕەشەكان و پاڵپشتیكردنی حكوومەتی هەرێم بكرێت.
دوای گوتەكەی سەرۆك بارزانی، دەرگەی گفتوگۆ و پرسیار و ڕەخنە و تێبینیی بۆ ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە كرایەوە و سەرۆك بارزانی وەڵام و بەرچاوڕوونیی پێویستی بۆ ئامادەبوان خستەڕوو.
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە