سەرۆك بارزانی و جێگری فەرماندەی گشتی هاوپەیمانان هەڕەشەی تیرۆرستان لە ناوچەکە تاوتوێ دەکەن
پەیامی کورد ... سەرۆك بارزانی و جێگری فەرماندەی گشتی هاوپەیمانان هەڕەشەی تیرۆرستان لە ناوچەکە تاوتوێ دەکەن
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ـی حوزەیرانی 2021 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە بێڵ ریچارد جێگری فەرماندەی گشتی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا جێگری فەرماندەی گشتی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا سەرەخۆشی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان كرد، بە هۆی شەهیدبوونی ئەو پێشمەرگانەی لە لایەن پەكەكەوە لە چیای مەتین شەهید بوونە و هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست. هەر لەو كۆبوونەوەیەدا جێگری فەرماندەی گشتی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا بارودۆخی مەیدانی هەوڵی هاوپەیمانان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریای بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو.
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا درووستكردنی ناوەندی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی عێراقی بۆ پاراستنی ناوچەكان لە هەڕەشەی تیرۆریستان و هەروەها هەنگاونان بۆ پێكهێنانی هێزی هاوبەشی هەردوولا بۆ هەمان مەبەست بە گرنگ و بەرهەمدار وەسفكرا.
هەوڵەكان بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و ئەنجامدانی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو و، جێگری فەرماندەی گشتی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا ئەوەی خستەڕوو كە یەكخستنەوەی پێشمەرگە بە لای ووڵاتانی هاوپەیمانەوە گرینگی و بایەخێكی تایبەتی هەیە.
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە