سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کرد

پەیا می کورد   ...  سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کرد

سیشەممە 19ی ئاداری 2024 لە سەڵاحەدین، سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ماوریتزیۆ گرێگانتی باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

دوای بەخێرهاتن، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق خۆشحاڵی خۆی بە دووبارە دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی دەربڕی و پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لە بەڕێزیان و تەواوی گەلی كوردستان كرد.

سەرۆك بارزانی سوپاسی باڵیۆزی ئیتاڵیای كرد بۆ پێشكەشكردنی پیرۆزباییەكەی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز، و رایگەیاند كە نەورۆز بۆ كورد هێمای سەركەوتنە بەسەر تاریكیدا بە داگیرساندنی بلێسەی ئازادی و ئاشتی.

لە كۆبوونەوەكەدا دوایین پێشهاتەكانی پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان تاوتوێ كران، سەبارەت بە ڕاگەێندراوی مەكتەبی سیاسیی پارتیش بۆ بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردن، سەرۆك بارزانی رایگەیاند كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە بەدوای دۆزینەوەی رێگەچارە بووە بۆ فەراهمكردنی سەقامگیری ووڵات و چەسپاندنی دیموكراسی بەگوێرەی بڕگەكانی دەستووری ساڵی 2005ی عێراق.

سەرۆك بارزانی دووپاتی لە پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان و سەرجەم مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان كردەوە، چوونكە قەوارەكە لە دەستووردا چەسپێنراوە و لە ئەنجامی خەباتی دوورودرێژ و بەردەوام هاتۆتەدی.

باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق تێگەیشتنی تەواوی خۆی بۆ دۆخەكە دەربڕی، دواتریش هەردوولا جەختیان لە دۆزینەوەی چارەسەرێك لەسەر بنەمای دیموكراسی و سیستەمی فیدڕالیدا كردەوە.


ئەم بابەتە 10747 جار خوێندراوەتەوە