سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق دەكات

پەیامی کورد      ...    سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق دەكات

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ـی نیسانی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە میتیا لێسكۆڤار باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق سوپاسی هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی كرد بۆ فراوانكردنی پێكەوەژیان و كراوەیی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان  و هەروەها یارمەتیدانی كریستیان و پێكهاتەكان لە كاتی تەنگانە و  هێرشی تیرۆریستان و، وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی سەردانەكەی پاپا فەرەنسیس بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان ڕاشیگەیاند كە ئەو پێكەوەژیانەی لە كوردستان هەیە لە لایەن قەداسەتی پاپا و ڤاتیكان مایەی ئومێد و جێگەی پێزانینێكی زۆرە. ئەوەشی خستەڕوو كە فەرهەنگی یەكترقبووڵكردنی كوردستان وا دەكات كە كریستیانەكان و پێكهاتەكانی تر متمانەیان بە ئاییندەی خۆیان هەبێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی سەردانی پاپا فڕەنسیس ی بۆ هەرێمی كوردستان بە مێژوویی وەسف كرد و ڕایگەیاند خەڵكی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانەوە بە سەردانەكەی پاپا خۆشحاڵ بوون. پەیوەست بە كولتووری پێكەوەژیانی خەڵكی كوردستان سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئەو كولتوورە ڕیشەی لە مێژووی دێرینی گەلەكەماندا هەیە و تایییفەگەری و دەمارگیریی ئایینی و نەتەوەیی نەیتوانیوە لە كوردستان هیچ جێگەیەك بكاتەوە. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە ئێمە هەموومان لە مرۆڤایەتیدا برای یەكترین و هەڵسەنگاندنی هەر كەسێكیش دەبێ لەسەر بنەمای ڕەفتارەكەی بێت نەك بیروڕای.


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە