سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای فەرماندەیی گشتی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا دەكات
پەیامی کورد ... سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای فەرماندەیی گشتی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا دەكات
دووشەممە 14ی ئابی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای فەرماندەیی گشتی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریاكرد كە پێكهاتبوو لە ژەنەڕاڵ ماتیۆ ماكفەرلین فەرماندەی پێشوو و ژەنەڕاڵ جۆول ڤاول فەرماندەی نوێی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا.
لە دیدارەكەدا ژەنەڕاڵ ماكفەرلین كە كۆتایی بە ئەركەكانی هاتووە و بۆ ماڵئاوایی و ناساندنی فەرماندەی تازەی هێزی هاوپەیمانان سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو، خۆشحاڵی خۆی ڕاگەیاند كە لە ماوەی ڕابردوودا بەشێوەیەكی سەركەوتوو كاری هەماهەنگی و هاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان ئەنجام داوە و پێزانینیشی بۆ ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان هەبوو. جەختیشی لەوە كردەوە كە لە قۆناغی داهاتووشدا هێزەكانی هاوپەیمانان لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستاندا لە هەماهەنگی بەردەوامدا دەبن.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی ژەنەراڵ ماكفەرلینی كرد و بەخێرهاتنی جەنەڕاڵ جۆول ڤاول فەرماندەی نوێی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و دووپاتی هاوبەشی و هەماهەنگی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانانی كردەوە.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو دیدارەدا ئیرڤن هیكس كونسووڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێریش ئامادە بوو كە كۆتایی بە ئەركەكانی لە هەرێمی كوردستان هاتووە و ماڵئاوایی لە سەرۆك بارزانی كرد و دڵخۆشی خۆی نیشاندا كە لە ماوەی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستان كاری كردووە.
ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تاوتوێكردنی چەند پرسێكی تری ئەمنی تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.
ئەم بابەتە 11984 جار خوێندراوەتەوە