سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی سەربازی بەریتانیا کرد
پەیامی کورد ... سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی سەربازی بەریتانیا کرد
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 7ی ئەیلوولی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە مارشال سامی سامپسۆن ڕاوێژكاری باڵای سەربازی بەریتانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا ڕاوێژكاری باڵای سەربازی بەریتانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا پابەندبوونی ووڵاتەكەی بە دۆستایەتی و هاوپەیمانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و پاڵپشتی و هەماهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان دووپاتكردەوە. هەروەها سوپاسی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە هەوڵدانی بۆ یەكخستنی یەكەكانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. جەختی لەوەش كردەوە كە ماف و ئیستحقاقاتی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە پێویستە لە چوارچێوەی مەنزوومەی بەرگری عێراق پارێزراو بێت.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی حكوومەتی نوێی بەریتانیای كرد و سوپاسی ووڵاتی بەریتانیا و هاوپەیمانانی كرد كە لە شەڕی دژی داعشدا یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوونە. لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەپێدان لە ڕۆڵی پێشمەرگە لە خەباتی گەلی كوردستان جەختی لەوە كردەوە كە پێشمەرگە بە بیروباوەڕی خۆی پارێزگاری لە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و دۆز و بەها مرۆڤییەكان دەكات.
پەیوەست بە چاكسازییەكانی هێزی پێشمەرگە سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە پاڵپشتی تەواوی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە دەكات و بە پێویستیشی زانی كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان یەك یەكەی ژمێریاری هەبێت و لەژێر یەك سەركردایەتی بێت كە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە