سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی نەمسا دەكات

پەیامی کورد     ...   سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی نەمسا دەكات

ڕۆژی یەكشەممە ٦ـی شوباتی ٢٠٢٢ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی نەمسا كرد كە پێكهاتبوو لەژێرۆڵد ڤۆلمەر سەرۆكی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا و باشووری ئەورووپای وەزارەتی دەرەوەی نەمسا و، ئۆسكار وستینگێر باڵیۆزی نەمسا لە عێراق.

لە دیدارەكەدا تیشک خرایە سەر پەیوەندی مێژوویی و دۆستانەی نێوان گەلی كوردستان و نەمسا و جەخت لە پەرەپێدانی پیوەندییەكان و دۆستایەتی نێوان هەردوولا كرایەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی عێراق و پێشهاتەكانی دوای هەڵبژاردن و هەنگاوە دەستوورییەكانی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و، شاندی میوان وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی سەقامگیری عێراق ئەوەشیان خستەڕوو كە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژاردنێكی نموونەیی بوو.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا ڕووداوەكانی ئەم دواییەی سووریا و، هەڕەشەی تیرۆر و هزری تووندڕەوی لەسەر ئاساییشی جیهان و ناوچەكە تاوتوێ كرا و ئەوەش دووپاتكرایەوە كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ڕیشەكێشكردنی، هەوڵێكی هەمەلایەنەی جیهانی پێویستە.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە