سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسووڵی ئیمارات لە هەولێر و شاندێكی مانگی سووری ئیماراتی دەكات
پەیامی کورد ... سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسووڵی ئیمارات لە هەولێر و شاندێكی مانگی سووری ئیماراتی دەكات
ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ـی ئایاری ٢٠٢١لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ئەحمەد ئەلزاهری كونسووڵی گشتی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی و شاندێكی مانگی سووری ئیماراتی بە سەرۆكایەتی دكتۆر موحەمەد ئەلفەلاحی سكرتێری گشتی دەستەی مانگی سووری ئیماراتی كرد.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی گەلی كوردستانیان كرد كە بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ دەرگەیان بەڕووی سەدان هەزار ئاوارە و لێقەوماودا كردووەتەوە و پێزانینیشیان بۆ خەبات و ماندووبوونی سەرۆك بارزانی لە بەهێزكردنی کلتووری پێكەوەژیان و مرۆڤدۆستی هەبوو. ئاماژەشیان بەوەدا كە سەرباری بوونی كێشەی زۆر هەرێمی كوردستان لەڕووی ژێرخانی ئابووری و بووژانەوە هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە. لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا شاندی میوان كورتەیەكیان لە چالاكی و كاری مرۆیی و خێرخوازی خۆیان لە هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە كار و چالاكییەكانی مانگی سووری ئیماراتی كرد و ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی بە دۆستێكی نزیكی گەلی كوردستان وەسف كرد. هەروەها سوپاسی پاڵپشتی و هاوكارییەكانی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی كرد لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان بۆ حەواندنەوەی ئاوارە و پەنابەرەكان.
سەرۆك بارزانی پێزانینی تایبەتیشی بۆ شێخ محەمەد بن زاید جێنشینی ئەبووزەبی و سەركردایەتی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی هەبوو كە ڕۆڵێكی زۆریان لە پێشكەوتنی ووڵاتەكەیان و هەروەها قووڵتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی هەبووە.
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە