سەرۆك بارزانی پێشوازی لە میری یەزیدی یان و ئەنجوومەنی ڕۆحانی یەزیدی دەكات

پەیامی کورد     ...   سەرۆك بارزانی پێشوازی لە میری یەزیدی یان و ئەنجوومەنی ڕۆحانی یەزیدی دەكات .

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١١ـی شوباتی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە میر حازم تەحسین بەگ میری یەزیدی یان و ئەنجوومەنی ڕۆحانی یەزیدی كرد.

لە دیدارێكدا تیشک خرایە سەر بارودۆخی خوشك و برا یەزیدییەكان و ڕەوشی شەنگال و تەحەددیاتی بەردەم ئاساییبوونەوەی ژیانی یەزیدییەكان لە دەڤەری شەنگال و، میر حازم بەگ و بابا شێخ عەلی و ئەندامانی ئەنجوومەنی ڕۆحانی یەزیدی سوپاسی سەرۆك بارزانییان كرد كە هەردەم لەگەڵ ئێش و ئازاری ئێزییدییەكان بووە و، داوایان كرد كە سەرۆك بارزانی هەموو تواناكانی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی یەزیدییەكان بتوانن بە ئاسوودەیی بۆ سەر ماڵ وحاڵی خۆیان بگەڕێنەوە و كار بۆ ئەوە بكرێت كە كۆسپ و ئاستەنگەكان نەمێنن و ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ لەمەڕ شەنگالدا بە زوویی جێبەجێ بكرێت. شاندی میوان داوای ئەوەشیان كرد كە ئێزیدییەكان لە دامەزراوەكانی هەرێمدا پشك و ڕۆڵی خۆیان هەبێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە هەمیشە پاڵپشتی داواكاری خوشك و برایانی یەزیدی بووە و هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە پشت و پەنای یەزیدییەكان بوونە و، لە شەڕی داعشدا بۆ ئازادكردنی دەڤەری شەنگال، پێشمەرگە ٥٠٠ شەهیدی داوە. سەرۆك بارزانی بە پێویستی زانی كە ڕێككەوتنی شەنگال جێبەجێ بكرێ و، داواشی كرد كە یەزیدییەكان یەكڕیزی ناوخۆیان بپارێزن و ڕێگە نەدەن دەنگی لابەلا و نامۆ زیان لە یەكگرتوویی و شوناس و ئایینی یەزیدییەكان بدات و دەبێ یەزیدییەكان مكوڕ بن لەسەر ماف و داوا ڕەواكانی خۆیان.


ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە