سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات
پەیامی کورد ... سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات
ڕۆژی یەكشەممە ١٤ـی شوباتی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە خاتوو جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی عێراق و دانووستاندنەكانی نێوان هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵی و، هەروەها ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئاسایی كردنەوەی بارودۆخی شەنگال ئاڵوگۆڕ كرا.
لەو دانیشتنەدا نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق جەختی لەوە كردەوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان هانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق دەدات كە بەردەوام بن لە دیالۆگ و ڕەخساندنی كەشی ئیجابی بۆ سەرخستنی دانووستاندنەكان و بەدەستهاتنی چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكانی نێوانیان.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی پشتگیری خۆی بۆ دیالۆگی بەردەوامی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق لە چوارچێوەی دەستوور ڕاگەیاند و، ئەوەشی دووپات كردەوە كە ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوودا دەستوور وەك خۆی جێبەجێ كرابا زۆر لەو كێشە و گرفتەكانە نەدەبوون كە ئێستا لە نێوان هەردوولا هەن.
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە