سەرۆك بارزانی پێشوازی لە وەزیری بەرگری توركیا دەكات

پەیامی کورد     ...    سەرۆك بارزانی پێشوازی لە وەزیری بەرگری توركیا دەكات

ڕۆژی سێشەممە 19ـی 1ـی 2021 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە خلووسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە یاشار گولەر سەرۆك ئەركانی سوپای توركیا و هاكان كاراچای كونسووڵی گشتیی توركیا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكار و كاربەدەستی وەزارەتی بەرگری توركیا.

لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگری توركیا ئامانجی سەردانەكەی بۆ بەغدا و هەولێر خستەڕوو و، جەختی لەوە كردەوە كە سەقامگیری و ئاساییشی ناوچەكە و، هەروەها پێشەوەچوونی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ ووڵاتەكەی بایەخێكی زۆری هەیە و ڕاشیگەیاند، سەقامگیری و ئاساییش دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووری و پێشكەوتنی ناوچەكە. لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداش وەزیری بەرگری توركیا ڕاگەیاند كە ووڵاتەكەی خوازیارە هەموو كێشەكان لە ڕێگەی دیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر ببێت.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، جەختی لە بنەماكانی دۆستایەتی و دراوسێ بوون لەنێوان هەردوولا كردەوە. هەروەها تیشکی خستە سەر بارودۆخی سیاسی و تەحەدییات و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە.


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە