سەرۆك بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد

پەیامی کورد   ...   سەرۆك بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد

چوارشەممە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢٥ لە سەلاحەدین، سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ژان نۆئێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کرد.

لە دیدارەکەدا کە پاتریک دۆرێل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و یان برێم کونسووڵی فەڕەنسا لە ھەولێر ئامادەی بوون، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ پێشوازی و ھەروەھا وێڕای جەختکردنەوە لە پەیوەندی و دۆستایەتی نێوان گەلی کوردستان و گەلی فەڕەنسا، سەرۆک بارزانی وەک ئەندازیاری ئەو دۆستایەتییە وەسف کرد. لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و حکوومەتی فەڕەنسای کرد کە ھەمیشە لە کاتی تەنگانەدا پشتیوانی گەلی کوردستان بوونە.

ھەر لەو دیدارەدا بارودۆخی ناوخۆی ھەرێم و پێویستی پێکھێنانی کابینەی تازەی حکوومەتی ھەرێم لە زووترین کات خرایە بەرباس و گفتوگۆ و، ھەڵسەنگاندن بۆ پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدا و ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ھەروەھا بارودۆخی ناوچەکە و سووریا کرا.

پەیوەست بە بارودۆخی سووریا و داھاتووی کورد لەو ووڵاتە جەخت لە سەرخستنی ھەوڵەکان بۆ گفتوگۆ و نێوەندگیری و یەکڕیزی نێوان لایەنە کوردییەکانی سووریا کرایەوە و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە یەکخستنی ھەوڵەکان و لەیەک نزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکانی سووریا ھەبوو.

لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی تورکیا، سەرۆک بارزانی ھەنگاو و ھەوڵەکان بۆ چارەسەری ئاشتیانە لە تورکیای بەرز نرخاند و ڕاشیگەیاند، ھەرێمی کوردستان ھەمیشە ئامادە و پشتیوانی ھەموو ھەوڵێکە کە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا بگەێنێتە ئەنجام.

لە کۆتایی ئەم دیدارەدا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بە فەرمی بانگھێشتی سەرۆک بارزانی کرد بۆ سەردانی بۆ شاری پاریس و ئامادەبوون لە مەراسیمی پەردەلادان لەو شوێنەی کە بە مەبەستی ڕێزگرتن لە قوربانیدانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان لە یەکێک لە پارکەکانی پاریس دەکرێتەوە.


ئەم بابەتە 19 جار خوێندراوەتەوە