سەرۆك بارزانی پێشوازی لە پارێزگاری بەسڕا دەكات

پەیامی کورد     ...    سەرۆك بارزانی پێشوازی لە پارێزگاری بەسڕا دەكات

ڕۆژی دووشەممە ٣١ـی ئایاری ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ئەسعەد ئەلعیدانی پارێزگاری بەسڕا كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی عێراق و تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسی تاوتوێ كرا و هەروەها تیشک خرایە سەر بارودۆخی پارێزگای بەسڕا و ڕەوشی خزمەتگوزاری و گوزەرانی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە و، پارێزگاری بەسڕا پێزانینی هەبوو بۆ ئەو بووژانەوە و پێشكەوتنەی لە هەرێمی كوردستاندا لە ئارادایە و خوازیاری سوودوەرگرتن لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەكان بوو.

هەر لەو دیدارەدا جەخت لەسەر پەرەپێدانی فەرهەنگی پێكەوەژیان و هەروەها پەیوەندییە مێژووییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و شاری بەسڕا و پارێزگاكانی باشووری عێراق كرایەوە.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە