سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك نووسەر و ئەدەبناس و ڕۆشنبیری عەرەب کرد

پەیامی کورد   ...   سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك نووسەر و ئەدەبناس و ڕۆشنبیری عەرەب کرد

پێنجشەممە ١٧ی نیسانی ٢٠٢٥ لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک نووسەر و ئەدەبناس و ڕۆشنبیری عەرەب کرد کە بەبۆنەی کردنەوەی ١٧ھەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە ھەولێر سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە.

لە دیدارەکەدا شاندی میوان پێزانینیان بۆ ڕۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانی لە خەباتی گەلی کوردستان و پاڵپشتیکردنی فەرھەنگی پێکەوەژیان و سەقامگیری لە ناوچەکە دەربڕی‌، ھەروەھا ستایشی کولتووری میواندۆستی و ڕۆحی یەکترقبووڵ کردن و ڕێزگرتنی گەلی کوردستانیان کرد و وەک نموونەیەکی باڵا و جیاواز لە ناوچەکە وەسفیان کرد.

ھەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی بە گەرمی بەخێرھێنانی شاندی میوانی کرد و کورتەیەکی لە مێژووی خەباتی گەلی کوردستان و قۆناغی ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین بۆ شاندی میوان خستەڕوو و جەختی لەوە کردەوە کە سەرکەوتنی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گەلی کوردستان لەدوای ڕاپەڕین، لێبووردە بوو و دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە لە نەیارەکانی نەبرد و لاپەڕەیەکی تازەی لە ژیانی سیاسی خۆی کردەوە.

سەرۆک بارزانی لە ووتەکانی دا پەیوەست بە بارودۆخی سیاسی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێویستە لە چوارچێوەی دەستووردا ھەموو لایەک پابەندی بنەماکانی ھاوبەشی و ھاوسەنگی و سازان بن.

لەبەشێکی تری ئەو دیدارەدا لەبارەی کێشە جەوھەرییەکانی ناوچەکە و بارودۆخی سووریا ئامادەبوان کۆمەڵێک پرسیار و تێبینیان ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد و سەرۆک بارزانیش ووڵامی تێبینی و پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.


ئەم بابەتە 27 جار خوێندراوەتەوە