سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك نووسەر و ڕۆشنبیری عەرەب کرد

پەیامی کورد   ...   سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك نووسەر و ڕۆشنبیری عەرەب کرد

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 10ی نیسانی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك ئەدیب و نووسەر و كەسایەتی ڕۆشنبیری عەرەب كرد كە بە مەبەستی بەشداری لە حەڤدەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب سەردانی هەولێریان كردووە.

لەو دیدارەدا شاندی میوان ستایشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانیان كرد لە پێشخستنی كولتووری دیالۆگ و پێكەوەژیانی سیاسی و فەرهەنگی لە هەرێمی كوردستان و عێراق، هەروەها بەردەوامی پێشانگەی ساڵانەی كتێب لە هەولێر و هەوڵەكانی فەخری كەریم و دەزگەی ئەلمەدایان لە كردنەوەی پێشانگەی كتێبیان بەرز نرخاند و ئاماژەشیان بەوەدا پێشانگای كتێب و چالاكی هاوشێوەی فەرهەنگی فاكتەری بەهێزن بۆ پێشخستنی كۆمەڵگە و پەیوەندی نێوان شارستانیەتەكان و دەوڵەمەندكردنی زمان و ئەدەبی گەلانی ناوچەكە.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهێنانی شاندی میوانی كرد و لە ووتەیەكدا تیشکی خستەسەر ڕۆڵی زانایان و ئەدیبانی گەورەی كورد لە خزمەتكردنی فەرهەنگ و ئەدەبی كوردی و گەلانی ناوچەكە و فەرهەنگ و ڕۆشنبیری وەك بنەمایەكی گرینگ بۆ لێكتێگەیشتنی نێوان نەتەوە و گەلانی ناوچەكە وەسف كرد. هەروەها كورتەیەكی لە مێژووی سیاسی عێراق و ناوچەكە و ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە بۆ شاندی میوان خستەڕوو.

لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا ئەندامانی شاندی میوان پەیوەست بە دۆزی كورد و بارودۆخی سیاسی و گۆڕانكاری و ئەگەر و پێشهاتە تازەكانی سووریا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆمەڵێك پرسیار و ڕا و بۆچوونیان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و سەرۆك بارزانیش ووڵامی پرسیار و تێبینیەكانی دایەوە.


ئەم بابەتە 37 جار خوێندراوەتەوە