سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بڕیارێکی گرینگ سەبارەت بە گەڕەکە هەژار نشینەکان دەردەکات
لە سنووری سەرۆكایەتی شارەوانی ھەولێر دەیان پڕۆژە خراونەتە بواری جێبەجێكردنەوە و سەرۆكی شارەوانی ھەولێریش دەڵێ، پڕۆژەی خزمەتگوزاری، زیاتر بۆ گەڕەكە ھەژارنشین و نوێیەكان دەبێت.
عەبدۆلواحید ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانی ھەولێر، رایگەیاند: "سەرۆكایەتی شارەوانی ھەولێر پلانی خۆی بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری داڕشتووە و ھەر ١٠ رۆژ جارێك پێداچوونەوە بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتیانی سنووری شارەوانی ھەولێر دەكرێت، بەمەش دەتوانین زیاتر خزمەتی ھاووڵاتیانی ھەولێر بكەین، لە ئێستاشدا ژمارەیەكی بەرچاوی پڕۆژە خراونەتە بواری جێبەجێكردن و زۆربەی گەڕەكەكانی ھەولێریشی گرتووەتەوە، ئەوانەی پێویستیان بە پڕۆژە ھەیە".
سەرۆكی شارەوانی روونیشی كردەوە: "پڕۆژەكان بەپێی پێویستی ناوچەكانی ھەولێر دابەش كراون و لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا گەڕەكە ھەژارنشینەكان و گەڕەكە نوێیەكان لەبەرچاو گیراون، بۆ ئەوەی زۆرترین پڕۆژە تێیاندا ئەنجام بدرێن".
عەبدۆلواحید ئەحمەد دەڵێت: "ئەو گەڕەكانەی تازە تاپۆ كراون، خزمەتگوزارییان پێشكەش دەكەین، بە تایبەتی گەڕەكی بەختەوەری، كە بە قەرەبووی كۆری ناسراوە، دوای تەواوبوونی قۆناغی تاپۆ، مووڵەتی درووستكردنی خانوو بە سوودمەندانی ئەو گەڕەكە دەدرێت، ھەروەھا ژمارەیەك گەڕەكی نوێ ھەن خزمەتگوزارییان بۆ دابین دەكرێت".
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە