سەرۆکایەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنەکان و حکوومەت كۆدهبێتەوە
پەیامی کورد ... سەرۆکایەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنەکان و حکوومەت كۆدهبێتەوە
ڕاوێژکارێکی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەینێت، پڕۆژەیەک ئامادەکراوە بۆ ئەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم و حکوومەت و لایەنەکان پێکەوە کۆببنەوە، ئەمەش لە بارەی چەندین خاڵ دەبێت، لەوانە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، چونکە بڕیارەکان بەکرداری ھەرێم جێبەجێی ناکات و ئەو پرسەش تەنھا پەیوەست نیە بە ھەرێمی کوردستان بەڵکو پەیوەستە بە چەندین ووڵاتی دیکەی جیھانیش، بۆیە ھەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشانداوە بەگفتووگۆ ھەرچی کێشەیەک ھەیە چارەسەر بکرێت.
زیرەک کەمال، ڕاتگەیاند : "پڕۆژەیەک ئامادەکراوە بۆ کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم و حکوومەت لەگەڵ لایەنەکان لەماوەیەکی نزیکدا، ئەم جۆرە کۆبوونەوانە زۆر گرینگە، چوونکە ئەوانەی حکوومەتیان پێکھێناوە و لە پەرلەمان کورسیان ھەیە حیزبەکانن، بۆیە ئەو کۆبوونەوەیە گرینگی زۆری ھەیە".
ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ڕوونیشی کردەوە: "لەو کۆبوونەوەیە کۆمەڵێک خاڵ باس دەکرێن، لەوانە پەیوەندی ھەرێم و بەغدا و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و ھەندێک خاڵی دیکەش، کە پێویستیان بەوە ھەیە گفتووگۆی لەسەر بکرێت".
زیرەک کەمال، ئاماژە بەوەش دەکات: "لە بواری کرداری بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی جێبەجێ ناکرێن، چوونکە ووڵاتانی جیھانیش لەناو پڕۆژەکەدا ھەن و قورسە جێبەجێ بکرێت، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیە چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە لە ڕێگەی گفتووگۆ، ھاوکات نیەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە بە جۆرێک چارەسەر بکرێت، کە لە بەرژەوەندی ھەردوولا بێت، بۆیە سەرۆکایەتی ھەرێم مافی خۆیەتی دانیشتن ناوە ناوە لەگەڵ لایەنەکان بکات، ھەر بۆیەش ئێستا دەیەوێت لەگەڵ لایەنەکان کۆبێتەوە".
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە