سەرۆکى مووساد بەڵێنییەک دەدات
سەرۆکى مووساد: بەڵێن بێت کە کۆمارى ئیسلامى هەرگیز دەستى بە چەکى ئەتۆمى نەگات
سەرۆکى مووساد، دەزگاى هەواڵگری و زانیارى و ئۆپراسیۆنى تایبەتى ئیسرائیل ڕۆژى پێنجشەممە ڕایگەیاند : ڕێککەوتنێک کە خراپە ئەتۆمییەکەى لە نێوان زلهێزەکانى دونیا و ئێران ، لاى ئیسرائیل تەحەمول ناکرێت و بەڵێنیشى دا کە کۆمارى ئیسلامى هەرگیز دەستى بە چەکى ئەتۆمى ڕانەگات.
دەیڤید بارنئا باسى لەوە کرد کە ئاژانسى مووساد "هەر کارێک پێویست بێت دەیکات بۆ کەمکردنەوەى هەڕەشەکان"، بەڵام سەرۆکى هێزى ئاسمانى لەمەڕ تاوانەى ئیسرائیل لە لەناوبردنى بەرنامە ئەتۆمییەکەى ئێران قسە ناکات و ئەمەش نیشاندەرى ئەوەیە کە هێزى بەرگرى گەڵاڵەیەکیان نییە بۆ هێرشى ئاسمانی.
سەرۆکى مووساد لە مەراسیمێک کە بۆ ڕێزلێنان لە فەرمانبەرانى دیارى مووساد لە شوێنى مانەوەى سەرکۆمارى بەڕێوەدەبرا، گوتى: "ڕوونە کە بۆ پرسى ناسەربازى، کەس پێویستى بە یۆرانیۆمى پیتێندراوی ٦٠%ى نییە. پێویستى بە سێ دامەزراوەى تایبەت بە دەوڵەمەندکردن و پیتاندنى یۆرانیۆم نییە. پێویستى بە هەزاران سانتریفیووژى چالاک نییە ـ مەگەر ئەوەى، بیهەوێت چەکى ئەتۆمى درووست بکات".
باسیشى لەوە کرد کە "ڕێککەوتنێکى خراپ، کە من هیوادارم جێبەجێ نەبێت، بۆ ئێمە جێگەى قبووڵ نییە".. "ئێران تینووى دەسەڵاتداریەتییە لە ناوچەکە و لە سەراسەرى ناوچەکە خەریکى پەرەپێدانى تیرۆریزمە و هەموو ڕۆژێک ئێمە خەریکین ڕێى پێ دەگرین و بەردەوامیش خەریکە هەڕەشەیە لەسەر ئاشتى و ئارامى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست".
بارنئا ووتى: "چاوى ئێمە کراوەیە، ئامادەین، و لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە ناوەندە ئەمنییەکان هەر کارێک کە بۆ کەمکردنەوەى هەڕەشەکان لەسەر ئیسرائیل پێویست بێت ئامادەین ئەنجامى بدەین و لە هەر ڕێگەیەوە هەڕەشەکان پووچەڵ دەکەینەوە. ئێرانیش دەستى بە چەکى ئەتۆمى ناگات ـ نە لەم ساڵانەى ئایندە و نە هەرگیز. من بەڵێنى دەدەم، مووسادیش بەڵێنى دەدات."
قسەکانى بارنئا دواى دەستپێکردنەوەى گفتوگۆکانى نێوان کۆمارى ئیسلامى و زلهێزەکان دونیا دێت لە ڤییەننا کە بە مەبەستى بووژانەوەى سەرلەنوێى ڕێککەوتننامەى ٢٠١٥ىە
بۆ کۆنتڕۆڵکردنى بەرنامە ئەتۆمییەکەى کۆمارى ئیسلامى و لە بەرامبەریشدا لابردنى گەمارۆکانى دونیایە لەسەر ئێران.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە