سەرۆککۆماری ئێران لە پەیامێکدا هۆشداری دەداتە وەزیری بەرگری عێراق
پەیامی کورد ... سەرۆککۆماری ئێران لە پەیامێکدا هۆشداری دەداتە وەزیری بەرگری عێراق
ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لەمیانەی دیدارێکیدا لەگەڵ سابت عەباسی وەزیری بەرگری عێراق رایگەیاند، خاکی عێراق نابێت زەمینەیەک بێت بۆ پیلانگێڕی یان هەڕەشە بۆ سەر دراوسێ یەکانی.
بەپێی ڕاگەێندراوی نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی لەدیدارێکدا لەگەڵ سابت عەباسی، سنوورەکانی ئێران و عێراقی بە "سنووری دۆستایەتی و هاوکاری" وەسف کردوە و ئاماژەی بەوەکردوە، "ئێران ئاسایشی عێراق بە هی خۆی دەزانێت".
لەدیدارەکەدا، وەزیری بەرگری عێراق پێزانینی خۆی بۆ پاڵپشتی تەواوی ئێران بۆ گەلی عێراق لە کاتی داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی عێراق لەلایەن داعش ەوە دەربڕیوە و رایگەیاندوە، "بەغدا ڕێگە نادات چەکدارە هەلپەرستەکان هەڕەشە لە سنوورەکان و ئاسایشی هەردوو ووڵات بکەن".
هەر بەگوێرەی راگەیندراوەکە، بە ئاماژەدان بەو پشتیوانییەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتی سەختدا بۆ حکوومەت و خەڵکی عێراق پێشکەشی دەکات، وەزیری بەرگری داوای بەردەوامی ئەم پشتیوانییەی ئێرانی کرد، لە چوارچێوەی ئاوەدانکردنەوەی عێراقدا.
لەلایەکی دیکەشەوە، لیوا سەید عەبدولڕەحیم مووسەوی فەرماندەی گشتی سوپای ئێران لەدیدارێکدا لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق رایگەیاندووە، "ووڵاتانی ڕۆژئاوا، کە بە بیانووی دامەزراندنی ئاسایش دێنە ناوچەکە، تەنیا دەیانەوێت سامانەکەی تاڵان بکەن".
لیوا سەید عەبدولڕەحیم موسەوی باسی لەوەش کردوە، "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ گەشەپێدانی عێراق و چەسپاندنی خۆشگوزەرانی و ئاسایش لەم ووڵاتەدا".
سەبارەت بە هاوکاری نێوان سوپای ئێران و عێراق ئاماژەی بە پێشوازی شەش ئەفسەری عێراقی لە زانکۆی داڤۆس بۆ فەرماندەیی و تیمی سوپای ئێران کرد و ووتیشی، "ئەو ئەفسەرانە دوای تەواوکردنی خوێندن گەڕاونەتەوە عێراق، لەئێستاشدا هەشت خوێندکاری دیکە هەیە کە لە زانکۆی داڤۆس بەردەوامن لە خوێندن".
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە